ئاسایشی حەلەب: بۆمبارانکردنی گەڕەکە مەدەنییەکان تاوانی جەنگە

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ـی کانوونی دووەمی 2026، لە بەیاننامەیەکدا هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، حەلەب ڕایگەیاند؛ دووبارەبوونەوەی هەڕەشە گشتییەکانی بۆردومان کە لەلایەن بەناو "ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشقەوە دەردەچن، ڕاستەوخۆ ناوچە مەدەنییەکانی گەڕەکەکانی (شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە) لە حەلەب دەکەنە ئامانج، بە هیچ شێوەیەک وەک ڕێوشوێنێکی ئەمنیی یان سەربازیی شەرعی هەژمار ناکرێن. بەڵکو ئەم کارە کردەوەیەکی تیرۆریستییە بۆ ترساندنی خەڵکی مەدەنی و هەوڵێکە بۆ ئاوارەکردنی زۆرەملێیان لەژێر هەڕەشەی چەکدا. 

بەگوێرەی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان، ئەم هەڵسوکەوتە بە ئاشکرا وەک "ئاوارەبوونی زۆرەملێ" پۆلێن دەکرێت و هەروەها لە ڕیزی تاوانەکانی جەنگ"دا پۆلێن دەکرێت.

لە ڕوانگەی یاسایی و تاوانکارییەوە، ئەم خاڵانە دەخەینە ڕوو:

1- دەرکردنی ئەم هەڕەشە گشتییانە لەلایەن بەناو "دەسەڵاتی ئۆپەراسیۆنەکان"ەوە، بەڵگەیەکی یاسایی حاشاهەڵنەگرە لەسەر هەبوونی مەبەستی تاوانکاری (Criminal Intent). ئەمە هاندانێکی ڕاستەوخۆیە بۆ ئەنجامدانی پێشێلکاریی قورس، کوشتنی بە ئەنقەستی هاووڵاتیان، تێکدانی ژێرخانی مەدەنی و سەپاندنی سزای بەکۆمەڵ.

2- حکوومەتی دیمەشق و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان، لەگەڵ هەموو ئەو کەسانەی ئەم هەڕەشەیەیان دەرکردووە یان جێبەجێی دەکەن، بەرپرسیارێتی تەواوی تاوانکاریی هەر زیانێکیان دەکەوێتە ئەستۆ کە بەر خەڵکی مەدەنی یان موڵک و ماڵی گشتیی لەو ناوچانە بکەوێت.

٣. ئەم ڕاگەیەندراوانە تەنیا لێدوانێکی میدیایی نین، بەڵکو هۆشدارییەکی پێشوەختەن بۆ ئەنجامدانی تاوان. ئێمە ئەم هەڕەشانە وەک بەڵگەی یاسایی دەخەینە بەردەم ڕای گشتیی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و لایەنی ڕاگەیانکار و جێبەجێکار بە بەرپرسیاری یەکەم دەزانین لە هەر کارەساتێکی مرۆیی کە لە ناوچەکەدا ڕوو بدات.

ئێمە وەک هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، پابەندبوونی خۆمان بە پاراستنی سەلامەتی هاووڵاتیان دووپات دەکەینەوە و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین فشارەکانیان چڕ بکەنەوە بۆ ڕاگرتنی ئەم هەڕەشە تاوانکارییانە.