نزیکەی 3 هەزار مینی دژە کەسی و دژە تانک لەناوبراون
سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین ڕایگەیاند، لە ساڵی 2025دا، 2.7 ملیۆن مەتر دووجا زەوی لە هەرێمی کوردستان لەمین پاککراوەتەوە، هاوکات جەبار مستەفا ئاشکرای کرد، ئاماری قوربانیان زیادی کردووە و لە ئەنجامی 18 ڕووداو، 12 کەس گیانیان لەدەستداوە و 17ـی دیکەش بریندار بوون.
جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ـی کانوونی دووەمی 2026، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاپۆرتی ساڵانەی دەزگاکەی بۆ ساڵی 2025 خستە ڕوو، تێیدا وردەکاریی کار و چالاکییەکانی پاکسازی و ئاماری قوربانیانی مینی لە هەرێمی کوردستان ئاشکرا کرد.
جەبار مستەفا ئاماژەی بەوەشدا، لە ساڵی ڕابردوودا دەزگای مین توانیویەتی ڕووبەری 2,716,250 مەتر دووجا زەوی لە مین پاک بکاتەوە. گوتیشی، ئەو ڕووبەرە 53 کێڵگەی مینی جیاوازی گرتووەتەوە و تێیاندا 2,997 مینی دژە کەسی و دژە تانک لەناوبراون.
لە ڕووی پەرەپێدانی تواناکانیشەوە، سەرۆکی دەزگای مین ڕایگەیاند، "لە ساڵی 2025دا، 13 خولی جیاوازی تەکنیکی و ڕاهێنان بۆ 145 کارمەندی دەزگاکەمان کراوەتەوە، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی شارەزاییان لە کارە تەکنیکییەکان و مینپاکییدا."
سەبارەت بە هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیان لە مەترسییەکانی مین، سەرۆکی دەزگاکە ڕوونی کردەوە، لە ڕێگەی بەکارهێنانی 48,269 کەرەستەی جیاوازی ڕاگەیاندن و چالاکییەکانی سۆشیال میدیاوە، توانیویانە پەیامی هۆشیاری بگەیەننە نزیکەی ملیۆنێک هاووڵاتی کە بە شێوازی جیاجیا لێی سوودمەند بوون.
لە بەشێکی دیکەی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، جەبار مستەفا نیگەرانی خۆی لە زیادبوونی ژمارەی قوربانیان نیشان دا و گوتی: "بەداخەوە لە ساڵی 2025دا ئاماری قوربانیان بەراورد بە ساڵی 2024 زیادی کردووە."
بەپێی گوتەی سەرۆکی دەزگای مین، لە ساڵی 2025دا، 18 ڕووداوی جیاوازی تەقینەوەی مین تۆمارکراون، کە لە ئەنجامدا 12 هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و 17 کەسی دیکەش بریندار بوون.