تورکیا: ئامادەین پشتیوانی هێرشەکانی چەکدارانی سووریا بۆ سەر حەلەب بکەین
وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ـی کانوونی دوەوەمی 2026 ئاشکرای کرد، ئەنقەرە ئامادەیە هەموو پاڵپشتییەکی سەربازی پێشکەشی سوپای سووریا بکات لە شەڕەکانی دژی هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) لە ناو شاری حەلەب، ئەگەر بێت و دیمەشق داوای هاوکارییەکی لەو شێوەیە بکات.
بەپێی ڕاگەیەندراوە فەرمییەکانی تورکیا، ئۆپەراسیۆنەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی ناو حەلەب بە تەواوی لەلایەن هێزە سوورییەکانەوە ئەنجام دراون و سوپای تورکیا تا ئێستا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەشداریی تێدا نەکردووە، بەڵام بەرپرسە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە جەخت دەکەنەوە کە بە وردی و کاتژمێر بە کاتژمێر چاودێریی گۆڕانکارییەکان دەکەن.
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیاش ئاماژەی بەوە کردووە، دۆخەکە زۆر هەستیارە و ئەوان ئامادەن بۆ گرتنەبەری هەر هەنگاوێک کە ببێتە هۆی کۆتاییهێنان بەو پێکدادانانە و چەسپاندنی ئەو سەقامگیرییەی کە خۆیان دەیانەوێت.
ئەم هەڵوێستە نوێیەی ئەنقەرە لە کاتێکدایە کە ناوچە کوردییەکانی حەلەب، بەتایبەت هەردوو گەڕەکی کوردنشینی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، لە ژێر هێرشێکی سەخت و چردان لە ماوەی 48 کاتژمێری ڕابردوودا بەهۆی تۆپبارانەکانەوە بە لانی کەم چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزاران مەدەنی ئاوارە بوون، هاوکات هێزە ئەمنییەکانی ناو حەلەب توانیویانە چەندین تانک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەران تێکبشکێنن.
تورکیا وەک سەرەکیترین پشتیوانی نێودەوڵەتیی ئیدارەی ڕاگوزەری سووریا دەبینرێت، هێزە کوردییەکان و بەتایبەت هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دادەنێت و پێشتر هەڕەشەی ئەوەی کردبوو کە ئەگەر ئەو هێزانە تێکەڵ بە دەسەڵاتی ناوەندی نەبن، ڕووبەڕووی هێرشی سەربازییان دەکاتەوە.
ئەم پەرەسەندنانە لە 8ی کانوونی دووەمی 2026دا، ئاماژەیە بۆ ئەگەری فراوانبوونی شەڕەکە بۆ ئاستێکی هەرێمی، بەتایبەت کە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئەمەریکا بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە تا ئێستا ئەنجامێکی ئەوتۆیان نەبووە و لایەنەکان بەردەوامن لە ڕەوانەکردنی هێزی زیاتر بۆ بەرەکانی شەڕ.