ئاسایشی ناوخۆیی حەلەب: داوای ڕێڕەوی ئاراممان نەکردووە و ناشیکەین
هێزەکانی ئاسیشی حەلەب، ڕایگەیاند، هەموو ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکەینەوە کە گوایە داوای ڕێڕەوی ئاراممان کردبێت بۆ دەرچوون لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە.
پێنچشەممە 8ـی کانوونی دووەمی 2026، ناوەندی ڕاگەیاندنی ئاسایشی ناوخۆیی حەلەب، بە فەرمی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، هێزەکانمان لە شوێنەکانی خۆیانن و بەوپەڕی قارەمانانەوە بەرگری دەکەن، ئەوەی دەبێت بکشێتەوە دەستدرێژیکارە نەک ئەوەی بەرگری لە خاکەکەی دەکات، بۆیە داوای ڕێرەوی ئاراممان نەکردوە و ناشیکەین چونکە ئێمە دەستدرێژیکار نین.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بە توندی هەموو ئەو پڕوپاگەندانەی بەشێک لە میدیاکان ڕەتدەکەنەوە کە تەنها ئامانجیان ڕووخاندنی وورەی خەڵک و هێزەکانمانە، بۆیە دووپاتیدەکەینەوە، ئەوەی دەبێت بکشێتەوە ئێمە نین، بەڵکو هێزی دەستدرێژیکارە دەبێت تانک و تۆپ و چەکدارەکانیان بکشێننەوە.
چوار رۆژە دۆخی حەلەب دوای راگەیاندنی "قەدەخەی هاتوچۆ" و دیاریکردنی "وادەی کۆتایی" بۆ چۆڵکردنی گەڕەکەکان لەلایەن سوپای سووریاوە، گەیشتووەتە قۆناغێکی یەکلاکەرەوە.
ئاسایشی حەلەب رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە هێرشێکی بەرفراوانی گرووپەکانی دیمەشقیان تێکشکاندووە کە بە 60 تانک و زرێپۆشەوە هاتبوون؛ لە ئەنجامدا تانکێک و 5 ئۆتۆمبێلی سەربازی تێکشکێنران و 7 درۆن خرانە خوارەوە.
دکتۆر عەبدولقادر حەسکۆ، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شێخ مەقسوود، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند، ئێستا شەڕێکی سەخت و دژوار لە ئارادایە و گرووپە چەکدارەکان بە چڕی هێرشەکانیان بۆ سەر هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە دەست پێ کردووە.
هاوکات دەڵێت: لە ئەنجامی پێکدادان و بۆردومانەکانی ئەم سێ ڕۆژەدا، 10 هاووڵاتی شەهید بوون و 65ـی دیکەش بریندار بوونە، کە بەشێکیان دۆخی تەندروستییان جێگیر نییە.
سەبارەت بە دۆخی تەندروستی و توانای نەخۆشخانەکە، دکتۆر حەسکۆ هۆشداری دا لە مەترسیی گەمارۆی پزیشکی و ڕوونی کردەوە: "گرووپە چەکدارەکان ڕێگری دەکەن لە گەیشتنی هەرچەشنە هاوکاری و پێداویستییەکی پزیشکی بۆ نەخۆشخانەکەمان، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی بڕی دەرمان و پێداویستییە بەردەستەکانمان بەرەو تەواوبوون بچێت و کارەساتی مرۆیی لێ بکەوێتەوە".