مورشید خەزنەوی: کوردانی حەلەب ڕووبەڕووی هەوڵێکی قڕکردن دەبنەوە و ئیرادەیان ناشکێت
مورشید خەزنەوی جەختی لە گرنگیی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی کردەوە لەبارودۆخی ئێستای حەلەب و ڕایگەیاند: سەرۆک بارزانی بەهۆی پێگە و پەیوەندییە نێودەوڵەتییە کاریگەرەکانی، دەتوانێت فشارێکی گەورە دروست بکات بۆ وەستاندنی ئەم شەڕە و ڕێگریگرتن لە قڕکردنی کورد لە حەلەب.
مورشید خەزنەوی، کەسایەتی ئایینی و کۆمەڵایەتی ناسیاری ڕۆژئاوای کوردستان، بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند: گەلی کورد لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەب لە ناو خەباتێکی مێژووییدان دژی هەوڵێکی بەرنامەبۆداڕێژراو بۆ قڕکردن و سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەییان،ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هێرشانە هەوڵێکی دەرەکییە بۆ شکاندنی ئیرادەی کورد، بەڵام جەختی کردەوە کە ئەم گەلە هەموو ژیانی لە تێکۆشاندا بەسەر بردووە و هەرگیز سەری خۆی بۆ داگیرکەران و گرووپە توندڕەوەکان ناچەمێنێت.
بەپێی لێدوانەکانی خەزنەوی، هێزەکانی ئاسایش و هاووڵاتیانی سڤیل لە بەرانبەر تۆپبارانە بەردەوامەکانی چەکدارانی سەر بە ئەحمەد شەرع (جۆلانی) وەک چیایەک وەستاونەتەوە و مۆڕاڵێکی بەرزیان هەیە، چونکە پشتیوانیی کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستانیان لەگەڵە.
ئەو باسی لە قارەمانێتیی شەڕڤانانی هێزەکانی سووریای دیموکرات کرد کە تەنانەت دوای برینداربوونیشیان، بە پێپێچراوی دەگەڕێنەوە بەرەکانی بەرگری بۆ پاراستنی کەرامەت و شەرەفی گەلەکەیان.
خەزنەوی ئاماژەی بەوەش کرد کە دەرکەوت ئەو سووریایەی خەڵک ئومێدی بۆ دەخواست، نابێتە ئەو نیشتمانەی جێگەی هەمووانی تێدا ببێتەوە، چونکە حکوومەتی ئێستای دیمەشق بڕیارەکانی لە دەستی خۆیدا نییە و لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە ئاراستە دەکرێت.
لە ڕوانگەی ئەم کەسایەتییە ئایینییەوە، محەممەد جۆلانی خاوەنی فیکرێکی توندڕەوە و هیچ پێکهاتەیەکی جیاواز قبوڵ ناکات، هەروەک چۆن پێشتر بەرامبەر عەلەوییەکان و درووزەکان کۆمەڵکوژیی ئەنجامدا، ئێستاش دەیەوێت هەمان کار بەرامبەر کورد بکات.
خەزنەوی دەڵێت: جۆلانی زیاتر لەوەی نوێنەرایەتی سووریا بکات، بڕیارەکانی سەرۆکی وڵاتێکی دراوسێ دژی کورد جێبەجێ دەکات.
دەڵێت: سەرەڕای ئەوەی هەمیشە کورد دەستی ئاشتی و دیالۆگی درێژ کردووە، بەڵام لایەنی بەرامبەر بە پیلانی دەرەکی هەوڵی شکاندنی ئیرادەی کورد دەدەن، کە ئەمەش بە گوتەی ئەو تەنیا خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد بەرزتر دەکاتەوە.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، مورشید خەزنەوی جەختی لە گرنگیی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی کردەوە لەم قۆناغەدا و ڕایگەیاند: سەرۆک بارزانی بەهۆی پێگە و پەیوەندییە نێودەوڵەتییە کاریگەرەکانی، دەتوانێت فشارێکی گەورە دروست بکات بۆ وەستاندنی ئەم شەڕە و ڕێگریگرتن لە قڕکردنی کورد لە حەلەب.
هەروەها داوای لە پارتە سیاسییەکانی باکوور، باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کوردانی دیاسپۆرا کرد کە بەیەک دەنگ و بە هەموو شێوەیەک پشتیوانیی ڕۆژئاوای کوردستان بکەن، چونکە ئەم یەکدەنگییە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ناوەندەکانی بڕیار لە جیهاندا دەبێت و کۆتایی ئەم ململانێیەش بە سەرکەوتنی گەلی کورد و پاراستنی شکۆی نەتەوەیی کۆتایی دێت.