سوپای عەرەبیی سووریا بە درۆن نەخۆشخانەی خالید فەجری لە حەلەب بۆردومان کرد

پارێزگای حەلەب ڕایگەیاند، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی (درۆن) سەر بە سوپای عەرەبیی سووریا، مۆلیدەی نەخۆشخانەی خالد فەجر لە گەڕەکی شێخ مەقسودی شاری حەلەب کردە ئامانج، بەهۆیەوە 11 کەس بوونەتە قوربانی.

هەینی 9ـی کانوونی دووەمی 2026، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ڕایگەیاندووە، هێرشەکەی سەر نەخۆشخانەی خالید فەجر لە شاری حەلەب، لە کاتێکدابووە کە بە هۆی زۆری ژمارەی نەخۆش و بریندارەکانەوە فشارێکی زۆر لەسەر نەخۆشخانەکە بووە، لە ئەنجامی ئەو هێرشە درۆنییە بۆ سەر مۆلیدەی کارەبای نەخۆشخانەکە، کارەبای تەواوی بەشەکان بڕاون، بە تایبەتی یەکەکانی فریاکەوتن و چاودێری چڕ کە بۆ ڕزگارکردنی ژیانی خەڵک ڕاستەوخۆ پشت بە کارەبا دەبەستن. 

ڕوانگەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم هێرشە بەشێکە لە زنجیرەیەک هێرش بۆ سەر دامەزراوە پزیشکییەکان لە گەڕەکی شێخ مەقسوود، کە هاووڵاتییانی مەدەنی لە مافی سەرەتایی چارەسەرکردنیان بێبەش دەکات. 

جەختی لەوەش کردووەتەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، گەڕەکی شێخ مەقسوود لە لایەن گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی سووریا، تۆپبارانی قورس کراوە، بە هۆیەوە  زیانی ماددی زۆری بە موڵک و ماڵی هاووڵاتییانی مەدەنی کەوتووە، هاوکات ترسێکی زۆری لە نێو منداڵان و کەسانی بە تەمەن دروست بووە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، گەڕەکەکە بە چەند درۆن و چەکێکی قورس کراوەتە ئامانج، کە هەندێکیان لە ناوچە چڕەکانی نیشتەجێبوون بەر زەوی کەوتوون و زیانی زۆریان بە ماڵی هاووڵاتییانی مەدەنی گەیاندووە، هەروەها چەند شوێنێکی خزمەتگوزاریشیان وێران کردووە. 

ڕوانگەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، تۆپبارانەکە بووەتە هۆی ئاوارەبوونی بەشێکی دانیشتووانی ئەو ناوچەیە بۆ ئەو شوێنانەی کە مەترسیان کەمترە، هاوکات گرژییەکان بەردەوامیان هەیە و گەڕەکەکە لە لایەن سوپای عەرەبیی سووریاوە گەمارۆ دراوە. 

لای خۆیەوە دکتۆر وڵات مەعمو، لە نەخۆشخانەی خالید فەجر، دەڵێت: "کاتێک لە دەوام بووین و خەریکی چارەسەرکردنی ئەو نەخۆشانە بووین کە پێویستییان بە چارەسەر هەیە، لە ناکاو درۆنێکی خۆکوژی سوپای عەرەبیی سووریا خۆی بە مۆلیدەی کارەبای نەخۆشخانەکدا تەقاندەوە، کە بووە هۆی بچڕانی کارەبا لە گشت بەش و یەکەکانی نەخۆشخانەکەمان، هاوکات کەسێک گیانی لە دەستدا و 10 کەسی دیکە کە هەموویان کارمەندی نەخۆشخانەکەمان بوون بریندار بوون. 

گوتیشی: "جگە لە هێرشی درۆنی چەند جارێکی دیکەش بە تانک و تۆپ هێرش کراوەتە سەر دامەزراوەکانی حکوومەت، بە تایبەتی نەخۆشخانەکان، بۆیە داوا دەکەین هێرشکردنە سەر نەخۆشخانەکان ڕابگیرێت و خەڵکی مەدەنی نەکوژرێت، هاروەها داوا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین دەستوەردان بکەن بۆ کۆتاییهێنان بەو دۆخەی هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە تێیکەوتووە و پارێزگاری لە خەڵکی ئەو ناوچەیە بکەن. 

ماوەی چوار ڕۆژە سوپای عەرەبیی سووریا بە فەرمانی ئەحمەد شەرع، هێرشی سەربازییان بۆ سەر هەر دوو گەڕەکی کوردی؛ "ئەشڕەفییە و شێخ مەقسوود" لە حەلەب، دەست پێکردووە.

سوپای عەرەبیی سووریا، بە شێوەیەکی هەڕەمەکی بە چەکی قورس و بە تانک، بۆردومانی ئەو دوو گەڕەکە کوردییە دەکەن، بەمەش نزیکەی 150 هەزار هاووڵاتیی کە دانیشتووی ئەو گەڕەکانە بوون، ئاوارە بوونە، لە ئەنجامی بۆردومانە بەردەوامەکانی سوپای شەرع، تا ئێستا 23 هاووڵاتیی سڤیل گیانیان لە دەستداوە و 98ـی دیکەش بریندار بوون.