ڕووسیا بە مووشەکی پێشکەوتووی ئۆریشنیک وەڵامی هێرشەکەی سەر بارەگای پوتن دەداتەوە
وەزارەتی بەرگری ڕووسیا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بۆ یەکەمجار مووشەکی بالیستیکی مامناوەندی جۆری ئۆریشنیکی لە هێرشێکی دژی ئۆکرانیا بەکارهێناوە.
ئەم هێرشە کە لە شەوی هەینی 9ی کانوونی دووەمی 2026 ئەنجامدرا، وەک تۆڵەسەندنەوەیەک بوو لەو هێرشە درۆنییەی لە کۆتایی ساڵی ڕابردوو کرایە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن لە ناوچەی نۆڤگۆرۆد، بەمەش ململانێکان چوونە قۆناغێکی نوێی سەربازییەوە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی بەرگری ڕووسیا، هێزەکانی وڵاتەکە یان بە بەکارهێنانی چەکی دوورهاوێژی زۆر ورد لە وشکانی و دەریاوە، لەوانەش سیستەمی مووشەکی ئۆریشنیک و چەندین درۆنی هێرشبەر، ئامانجە سەرەکییەکانی ئۆکرانیایان پێکاوە.
ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم هێرشە بریتین لە هێڵەکانی بەرهەمهێنانی ئەو درۆنانەی کە لە هێرشەکەی سەر بارەگای سەرۆکایەتی ڕووسیا بەکارهێنرابوون، لەگەڵ ژێرخانی وزە کە پشتیوانی لە کۆمەڵگەی پیشەسازیی سەربازیی ئۆکرانیا دەکات.
مۆسکۆ جەختی کردووەتەوە لەوەی، هێرشەکە بە تەواوی ئامانجەکانی پێکاوە و هیچ کارێکی کیێف بە بێ وەڵام تێپەڕ نابێت.
وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وردەکاریی زیاتری لەسەر هێرشەکەی ئۆکرانیا ئاشکرا کردووە و ڕایگەیاندووە، لە شەوی 29ی کانوونی یەکەمی 2025، ڕژێمی کیێف هەوڵی داوە لە ڕێگەی ژمارەیەکی زۆر لە درۆنی دوورهاوێژەوە کە لە ناوچەکانی سۆمی و چێرنیهێفەوە هەڵسابوون، شوێنی مانەوەی پوتن لە نۆڤگۆرۆد بکاتە ئامانج.
مۆسکۆ ئەمەی وەک کردەوەیەکی تیرۆریستی ناوبردووە و هێرشە مووشەکییەکەی ئەمڕۆی وەک وەڵامدانەوەی پێویست بۆ ئۆکرانیا وەسف کردووە.
بەکارهێنانی مووشەکی ئۆریشنیک بۆ یەکەمجار لە گۆڕەپانی جەنگدا، پەیامێکی ستراتیژیی توندی ڕووسیایە بۆ ئۆکرانیا و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی، ئەم جۆرە مووشەکانە کە خاوەن خێرایییەکی بێوێنە و توانای بڕینی سیستەمە بەرگرییەکانن، نیشاندەری پەرەسەندنی جۆریی چەکە بەکارهاتووەکانە لە جەنگەکەدا.
مۆسکۆ بەم هەنگاوە دەیەوێت بیسەلمێنێت کە پاراستنی هێماکانی دەسەڵات، بە تایبەتی شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆکایەتی، هێڵی سوورە و ئامادەیە نوێترین تەکنەلۆژیای سەربازیی خۆی بۆ وەڵامدانەوەی هەر هەڕەشەیەک بەکاربهێنێت، ئەم پێشهاتە ترسی جیددی لای چاودێران دروست کردووە کە جەنگەکە بەرەو قۆناغێکی توندتر و وێرانکەرتر هەنگاو بنێت.