یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان: ستەمێکی گەورە لە گەلی کورد دەکرێت

یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان، سەرکۆنەی هێرشی سوپای عەرەبی سووریا، بۆ سەر گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە، پێچەوای بنەماکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلامە.

ئەمڕۆ هەینی، 9ـی کانوونی دووەمی 2026، عەبدوڵڵا وەیسی، سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: سەرکۆنەی ئەو هێرش و پەلاماردانانە دەکەین، کە دەکرێتە سەر کورد لە حەلەب و ئەوەی ڕوودەدات ستەمێکی گەورەیە لە گەلی کورد دەکرێت.

سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، ئەم هێرشانە هیچ پەیوەندی بە ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە نییە، بەڵکوو تەواو پێچەوانەی بنەما و دەقە شەرعییەکانە، پێویستە هەموولایەک ببنە هۆکارێک بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە.

هەروەها باس لەوە دەکات، ئەرکی ناوەندە ئاینییە جیهانی ئیسلامی بەگشتیی و سووریایە بەتایبەتی بێ دەنگ نەبن بەرانبەر ئەم هێرشانە و هەڵویستیان وەرگرن و مافی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان دەستەبەر بکرێت.

چوارشەممە، 7ـی کانوونی دووەمی 2026، سەرۆک بارزانی لە بارەی گرژی و ئاڵۆزییەکانی گەڕەکە کوردنشینەکانی شاری حەلەبی ڕۆژئاوای کوردستان، پەیامێکی بڵاو کردەوە.

لە پەیامەکەی سەرۆک بارزانیدا هاتووە، گۆڕانكارییە سیاسییەكانی سووریا دەرفەتێكی باش بوو بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەكی گونجاو بۆ ئەوەی ڕەچاوی مافە ڕەواكانی گەلی كورد لە سووریا بكرێت و سەرجەم كێشەكانیش چارە بكرێن.

جەختی لەوەش کردەوە، لەو پێناوەشدا لەگەڵ هەموو لایەنەکان هەوڵی زۆرمان دا كە پێویستە هەرچی گرفت و ناكۆكی هەیە لە ڕێگەی دیالۆگ و بە شێوازی ئاشتییانە چارە بكرێن.

هاوکات سەرۆک بارزانی دەڵێت: ئەو بارودۆخە مەترسیدار و ئەو شەڕ و توندوتیژییەی كە ئێستا لە شاری حەلەب هەیە جێگەی نیگەرانییەكی زۆرە و، مەترسی لەسەر ژیانی خەڵكی سڤیل و هاووڵاتییانی بێتاوان دروست كردووە و هەڕەشەی پاكتاوی ڕەگەزی لە دژی كورد لەو ناوچەیەدا هەیە.

هەروەها دوێنێ پێنجشەممە، 8ـی کانوونی دووەمی 2026، لە بارەی گرژییەکانی حەلەب و هێرشکردنە سەر گەڕەکە کوردییەکان، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند:  ڕووداوەکانی حەلەب و بە ئامانجگرتنی کورد لە پێناو گۆڕینی دیموگرافیی ناوچەکە و دروستکردنی مەترسی بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییانی سڤیل، دەسەڵاتی دیمەشق و ویژدانی کومەڵگەی نێودەوڵەتی دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەشکرد، شەڕ و توندوتیژی، چارەسەری بنەڕەتی هیچ کێشەیەک ناکات. هیچ بیانوو و پاساوێک نابێت ڕێگە بە پاکتاوی ڕەگەزی بدات. پەلاماردانی گەڕەگە کوردنشینەکانی شاری حەلەب، ئێمەی بە قووڵی نیگەران کردووە.