زێلێنسکی: هێرشەکەی ڕووسیا باڵوێزخانەی قەتەری لە کیێف کردە ئامانج

ڤۆلدمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، ڕایگەیاند: لە ئەنجامی هێرشەکەی شەوی ڕابردووی سوپای ڕووسیا بۆ سەر شاری کیێف و دەوروبەری، باڵوێزخانەی دەوڵەتی قەتەر و 20 باڵەخانەی نیشتەجێبوون زیانیان بەرکەوتووە. 

ئەم هێرشانە کە لە ڕێگەی درۆنی خۆکوژیەوە ئەنجامدراون، بوونەتە هۆی کوژرانی 4 هاووڵاتی، ئەمەش پێشهاتێکی مەترسیدارە بۆ بە ئامانجگرتنی نێردە دیپلۆماسییەکان و ژێرخانی مەدەنی لە پایتەختی ئۆکرانیا.

سەرۆکی ئۆکرانیا لە لێدوانێکدا ئەمڕۆ هەینی 9ی کانوونی دووەمی 2026 ئاشکرای کرد، هێرشەکانی شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی، زۆرترین زیانیان بە ناوچە نیشتەجێبووەکانی کیێف گەیاندووە و تیمەکانی فریاگوزاری زیانی زیاتر لە 20 باڵەخانەی تەلاریان تۆمار کردووە.

 زێلێنسکی ئاماژەی بەوەش کرد، یەکێک لە درۆنەکانی ڕووسیا ڕاستەوخۆ بەر باڵەخانەی باڵوێزخانەی قەتەر کەوتووە و زیانی پێگەیاندووە.

 تاوەکو ئێستا کوژرانی 4 کەس لە ئەنجامی ئەو بۆردومانانە پشتڕاستکراوەتەوە و تیمەکانی بەرگری شارستانی لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ هاوکاریکردنی لێقەوماوان لە ژێر داروپەردووی باڵەخانە ڕووخاوەکاندا.

ئەم هێرشە نوێیەی ڕووسیا لە کاتێکدایە کە مۆسکۆ لەم دواییانەدا پەرەی بە هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی داوە و چەکی پێشکەوتووی وەک مووشەکی سەروو دەنگی ئۆریشنیکی بەکارهێناوە.

 بە ئامانجگرتنی ناڕاستەوخۆ یان ڕاستەوخۆی نێردە دیپلۆماسییەکان، لەوانەش باڵوێزخانەی قەتەر، دەکرێت ببێتە هۆی دروستبوونی گرژیی دیپلۆماسی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، چونکە بەپێی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان دەبێت ئەم شوێنانە لە کاتی جەنگدا پارێزراو بن، توندبوونەوەی هێرشەکان بۆ سەر کیێف نیشانەی ئەوەیە کە ڕووسیا دەیەوێت لە دەستپێکی ساڵی 2026دا فشارێکی زیاتر بخاتە سەر حکوومەتی ئۆکرانیا و تواناکانی بەرگریی ئاسمانیی ئەو وڵاتە تاقی بکاتەوە.