ئاگادارییەك لە لیژنەى باڵای ئەمنیی سلێمانییه‌وه‌

هەموو جۆرە گردبوونەوە و خۆپیشاندانێكى بێ مۆڵەت و زیانگەیاندن بە مومتەلەكاتە گشتی و تایبەتەکان، كە بۆ خزمەتى هاووڵاتییانن، قەدەغەن، هێزەكان دەست كراوەن بۆ راگرتن و مامەڵەكردن لە چوارچێوەی یاسادا

سه‌نته‌ری شاری سلێمانی
سه‌نته‌ری شاری سلێمانی

K24- سلێمانی:

لیژنه‌ی باڵای ئه‌منیی پارێزگای سلێمانی راگه‌یه‌ندراوێكی له‌باره‌ی رووداوه‌كانی ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ی سنووری ئه‌و پارێزگایه‌ بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ به‌ ناویی خۆپیشاندان ژماره‌یه‌ك كه‌سی تێكده‌ر و هێرشكار هه‌ڵیانكوتاوه‌ته‌ سه‌ر چه‌ندین بنكه‌ی حزبی و حكومی و هه‌موو لایه‌كی ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ بۆ له‌مه‌ودوا هه‌موو هێزه‌كان به‌رامبه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌ستكراوه‌ ده‌بن، كه‌ په‌نا بۆ خۆپیشاندانی بێمۆڵه‌ت ده‌به‌ن.

ده‌قی ئاگادارییه‌كه‌ی لیژنه‌ی ئه‌منی هه‌رێمی كوردستان:

1-      هێزە ئەمنییەكان چیتر رێگە نادەن خۆپیشاندانە بێ مۆڵەتەكان بەردەوامییان هەبێت و سەر بكێشن بۆ پشێویی و توندوتیژیی.

2-      لێرە بە دواوە هەموو جۆرە گردبوونەوە و خۆپیشاندانێكى بێ مۆڵەت و زیانگەیاندن بە مومتەلەكاتە گشتی و تایبەتەکان، كە بۆ خزمەتى هاووڵاتییانن، قەدەغەن، هێزەكان دەست كراوەن بۆ راگرتن و مامەڵەكردن لە چوارچێوەی یاسادا.

3-      سەرجەم ئەو كەسانەش لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە بە ڕێکاری یاسایی دەستگیر دەکرێن، کە زیانیان گەیاندووە بە مومتەلەكاتى دەوڵەت و هەموو ئەوانەش كە لە پشتی هاندانى ئەو كەسانەوە بوون.

4-       داوا لە سەرجەم لایەنە سیاسییەكان دەكەین كە بەرپرسانە لەگەڵ دۆخەكەدا مامەڵە بكەن.

5-       پێویستە كەناڵەكانى راگەیاندن بە گیانێکی بەرپرسیارانەوە مامەڵە لەگەڵ رووداوەکاندا بکەن.

راگەیەندراوى لیژنەى باڵای ئەمنی

H.B

Fly Erbil Advertisment