بانگەوازێک لە دانیشتووانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەوە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی

ژمارەیەک لە کەسایەتی و بەرپرسان و یاساناسانی دانیشتووی هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەن لە حەلەب، داوا دەکەن هەرچی زووە کۆمەڵگە و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ، بە هانای ئەو کوردانەوە بچن کە لەو دوو گەڕەکەدا لە لایەن سوپای عەرەبیی سووریاوە هێرشیان دەکرێتە سەر. 

هەینی 9ـی کانوونی دووەمی 2026، ژمارەیەک لە کەسایەتی و پارێزەر و بەرپرسی دامەزراوە حکوومییەکان لە دانیشتووانی هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، لە بانگەوازێکی بەپەلەدا دەڵێن" ئێمەی دانیشتووانی گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب، ئەم بانگەوازە بەپەلە و ترسناکە ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و هەموو ڕێکخراوە مرۆیی و مافەکانی مرۆڤ دەکەین، ئەگەر ڕێگری لە هەوڵەکانی حکوومەتی سووریا نەکرێت، بێگومان کارەساتێکی گەورەی مرۆیی و کۆمەڵکوژیی بەرانبەر بە کوردانی نیشتەجێی ئەو دوو گەڕەکە دەکرێت".

لە بانگەوازەکەدا ئاماژە بەوەکراوە،"هەر جۆرە کشانەوەیەکی شەڕڤانانمان لەو گەڕەکانە بەبێ چۆڵکردنی تەواوەتی و سەلامەتی هاوڵاتییانی سڤیل، بە مانای پاکتاو و کۆمەڵکوژی دەیان هەزار هاووڵاتی مەدەنی دەبێت، ئەمەش هاوشێوەی ئەوەیە کە لە کەناراوەکانی سووریا و سوەیدا ڕوویاندا، کە هاووڵاتییانی مەدەنی بەبێ پاراستن و گەرەنتی سەلامەتی گیانیان جێهێڵران و ئێستاش دەکرێنە ئامانج.

لە بەشێکی دیکەی بانگەوازەکەدا هاتووە، هاووڵاتیانی سڤیل لە هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە ژێر بۆردومانێکی ڕاستەوخۆدان، ئافرەتان و منداڵان و بەساڵاچووان دەبنە قوربانی یەکەمی هەر بۆشاییەکی ئەمنی".

هەروەها ڕەخنە لە بێدەنگبوونی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەگرن و دەڵێن "لە ڕووی یاسایی و ئەخلاقییەوە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی  بە بەرپرسیار دەزانین بەرانبەر بە بێدەنگبوونی لە ئاست ئەو تاوان و کردەوانەی حکوومەتی سووریا لەو دوو گەڕەکەدا دەیکات". 

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا، داوا دەکەن هەرچی زووە ئەم هەنگاوانە بگیرێنەبەر:

1- دەستوەردانی بە پەلەی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی مەدەنی.

2- کردنەوەی ڕێڕەوی مرۆیی سەلامەت لە ژێر چاودێری نێودەوڵەتی.

3- گەرەنتی دەرچوونی خەڵکی مەدەنی پێش هەر کردەیەکی دیکەی سەربازی. 

4- جێگیرکردنی چاودێرانی نێودەوڵەتی بۆ ڕێگری لە هەر کردەوەیەکی پاکتاو و کۆمەڵکوژی.

لە کۆتاییدا ئاماژە بەوەکراوە، ژیانی خەڵکی مەدەنی بۆ ئەوە نییە موزایەدەی پێوە بکرێت، دڵنیابن مێژوو لەو کەسانە خۆش نابێت کە ئەو مەرترسییانە دەبینن و لە ئاستیاندا بێدەنگن، بۆیە دەڵێین،"ئێستا دەستوەردان بکەن پێش ئەوەی درەنگ بێت". 

چوار ڕۆژە هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب، لە لایەن سوپای عەرەبیی سووریاوە گەمارۆ دراوە و بە تۆپ و تانک بۆردومان دەکرێت، بەهۆیەوە زیاتر لە 23 هاووڵاتیی کورد شەهید بوون، کە زۆربەیان ئافرەتان و منداڵانن، هەروەها نزیکەی 100 کەسی دیکەش بریندار بوون.