هەولێر و ڕانیە پشتیوانیی خۆیان بۆ ڕۆژئاوا دووپات دەکەنەوە

لە وەڵامی هێرشە بەردەوامەکانی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب، ئێوارەی ئەمڕۆ شەقامی کوردی لە باشووری کوردستان جووڵا؛ بە بەرزکردنەوەی دروشمی "بژی بەرخودانی ڕۆژئاڤا" لە هەولێر و ڕانیە، جەماوەر پشتیوانیی ڕەهای خۆیان بۆ دانیشتووانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە دووپات کردەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، 9ـی کانوونی دووەمی 2026، جەماوەرێکی بەرچاو لە شاری هەولێر ڕژانە سەر شەقامی 60 مەتری، بە بەرزکردنەوەی ئاڵای پیرۆزی کوردستان و وتنەوەی دروشمی "بژی بەرخودانی ڕۆژئاڤا"، پشتیوانیی تەواوی خۆیان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، بە تایبەتی دانیشتووانی هەردوو گەڕەکی (شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە) دووپات کردەوە.

خۆپیشاندەران بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە هەڕەمەکییانەیان کرد کە سوپای سووریا ماوەی چەند ڕۆژێکە دەیکاتە سەر هاووڵاتییانی مەدەنیی کورد لەو ناوچانە.

هاوکات لەگەڵ پایتەخت، لە شاری ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕینیش، خۆپیشاندانێکی جەماوەریی بەرفراوان ڕێکخرا. بەشداربووان وێڕای سەرکۆنەکردنی پەلامارەکانی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر گەڕەکە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، جەختیان لە یەکڕیزیی نەتەوەیی کردەوە.

زوبێر عەبدولڕەحیم، وەک نوێنەری خۆپیشاندەرانی ڕانیە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا پەیامی خۆپیشاندەرانی خوێندەوە و ڕایگەیاند: "ئێمە لە دەڤەری ڕاپەڕینەوە متمانەی تەواومان بە ئیرادە، هێز و ورەی ڕۆڵەکانمان هەیە لە هەر چوار پارچەی کوردستان."

نوێنەری خۆپیشاندەران ئاماژەی بەوەش دا: "دڵنیاین وەک هەمیشە، ئەم بەرەنگاربوونەوە و بەرخودانە دەبێتە هەوێن و چیرۆکێکی دیکەی سەرکەوتن و هۆکارێک بۆ بەهێزتربوونی پێگەی کورد".

 
 
 
 

ماوەی چوار ڕۆژە سوپای عەرەبیی سووریا بە فەرمانی ئەحمەد شەرع، هێرشی سەربازییان بۆ سەر هەر دوو گەڕەکی کوردی؛ "ئەشڕەفییە و شێخ مەقسوود" لە حەلەب، دەست پێکردووە.

سوپای عەرەبیی سووریا، بە شێوەیەکی هەڕەمەکی بە چەکی قورس و بە تانک، بۆردومانی ئەو دوو گەڕەکە کوردییە دەکەن، بەمەش نزیکەی 150 هەزار هاووڵاتیی کە دانیشتووی ئەو گەڕەکانە بوون، ئاوارە بوونە، لە ئەنجامی بۆردومانە بەردەوامەکانی سوپای شەرع، تا ئێستا 23 هاووڵاتیی سڤیل گیانیان لە دەستداوە و 98ـی دیکەش بریندار بوونە.