ئاسایشی حەلەب: زیانێکی زۆرمان بە سوپای عەرەبیی سووریا گەیاندووە
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە حەلەب، وردەکاریی پێکدادانە سەختەکانی دەوروبەری گەڕەکی شێخ مەقسوود و وەڵامدانەوەی هێزەکانیان بۆ هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا بڵاو کردەوە.
هەینی، 9ـی کانوونی دووەمی 2026، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە حەلەب، لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند: هێزەکانیان کۆبوونەوەیەکی گەورەی گرووپ و میلیشیاکانی سەر بە حکوومەتی سووریایان لە دەوروبەری گەڕەکی شێخ مەقسوود کردووەتە ئامانج، زیانێکی زۆرمان پێگەیاندوون، کە ژمارەیەکیان کوژران و بریندار بوونە.
لە ڕاگەیەندراوەکە ئاماژە بەوە کراوە، تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، شەڕ و پێکدادانەکان بە شێوەیەکی توند و سەخت بەردەوامن.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە حەلەب، دەڵیت: سوپای عەرەبیی سووریا، بە چڕی و بە بەردەوامی سەرجەم ناوچە نیشتەجێبووەکانی ناو گەڕەکەکان تۆپباران دەکەن، هەورەها هەمیشە دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان و نەخۆشخانەکانیش دەکەنە ئامانج.
ماوەی چوار ڕۆژە سوپای عەرەبیی سووریا بە فەرمانی ئەحمەد شەرع، هێرشی سەربازییان بۆ سەر هەر دوو گەڕەکی کوردی؛ "ئەشڕەفییە و شێخ مەقسوود" لە حەلەب، دەست پێکردووە.
سوپای عەرەبیی سووریا، بە شێوەیەکی هەڕەمەکی بە چەکی قورس و بە تانک، بۆردومانی ئەو دوو گەڕەکە کوردییە دەکەن، بەمەش نزیکەی 150 هەزار هاووڵاتیی کە دانیشتووی ئەو گەڕەکانە بوون، ئاوارە بوونە، لە ئەنجامی بۆردومانە بەردەوامەکانی سوپای شەرع، تا ئێستا 23 هاووڵاتیی سڤیل گیانیان لە دەستداوە و 98ـی دیکەش بریندار بوون