سەرۆک بارزانی و تۆم باراک دۆخی حەلەبیان تاوتوێ کرد
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، سەرۆک بارزانی و نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری سووریا، دۆخی حەلەبیان تاوتوێ کرد.
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 9ـی کانوونی دووەمی 2026، سەرۆک مەسعود بارزانی و تۆم باراک نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری سووریا و باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا گفتوگۆیان لە بارەی دۆخی حەلەب کرد.
بارەگای بارزانی بڵاویکردووەتەوە، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەدا، بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە و سووریا و دوایین پەرەسەندن و گرژییەکانی سووریا و شاری حەلەب ئاڵوگۆڕ کرا.
هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەدا هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ ئەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکان نەمێنن و بارودۆخ ئاسایی ببێتەوە و هەنگاوی جددیش بۆ بەدیهاتنی ئاسایش و سەقامگیری و ئاشتی بنرێت.