ئەمەریکا دەستی بەسەر پێنجەمین کەشتی نەوتهەڵگری ڤەنزوێلا دا گرت
بەرپرسێکی ئەمەریکی ئاشکرای کرد، لە دەریایی کاریبیی دەستیان بە سەر کەشتیەکی دیکەی نەوتهەڵگر دا گرتووە، کە دەبێتە پێنجەمین کەشتی لە لایەن سوپای ئەمەریکاوە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا دەستی بەسەردا بگیرێت.
هەینی 9ـی کانوونی دووەمی 2026، ئاژانسی هەواڵی "ڕۆیتەرز" لە زاری بەرپرسێکی ئەمەریکاوە بڵاویکردووەتەوە، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی سنووردارکردنی هەناردەی نەوتی ڤەنزوێلا، لە دەریایی کاریبیی توانیویانە دەستبەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئەو وڵاتەدا بگرن، کە بە کەشتی "ئۆلیانا" ناسراوە.
بەرپرسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، کەشتی ئۆلیانا بۆ خۆدزیینەوە هێزەکانی پاسەوانی کەناراوەکانی ئەمەریکا ئاڵای تەیموری ڕۆژهەڵاتی هەڵکردووە، بەڵام دوای چاودێری و بە گوێرەی تۆماری گشتی کەشتیوانی "ئێکسوایس"، دەرکەوتووە کەشتییەکە لە ڤەنزوێلاوە نەوەتی بارکردووە، بەڵام وڵاتی مەبەست دیار نەبووە کە نەوتەکەی بۆ دەبات.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، کەشتیی"ئۆلینا" لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە بارێکی پڕ لە نەوتەوە ڤەنزوێلای جێهێشتووە، بەرواری بەڕێکەوتنەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ چەند ڕۆژێک دوای دەستگیرکردنی نیکۆڵاس مادورۆ سەرۆکی ڤەنزوێلا لە لایەن هێزە تایبەتەکەی ئەمەریکاوە.
ئەمە لە کاتێکدایە پێش دەسگیرکردنی نیکۆڵاس مادورۆ، واشنتن گەمارۆی خستبووە سەر هەناردەکردنی نەوتی ئەو وڵاتە، هاوکات چەند جارێک لە دەریایی کاریبی، هێزی دەریایی ئەمەریکا هێرشی بۆ سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکان کردبوو، تاوەکو ئێستا توانیویەتی پێنج کەشتی نەوتهەڵگری ڤەنزوێلا دەست بەسەردا بگرێت.
ڤەنزوێلا خاوەنی گەورەترین یەدەگی نەوتی جیهانە، هەرچەندە ساڵانێکە لەبەر خراپ بەڕێوەبردن و گەندەڵی، زیانی گەورە بە پیشەسازیی نەوت گەیاندووە، بەڵام تاوەکوو ئێستاش هەناردەی نەوت سەرچاوەی سەرەکی داهاتی ڤەنزوێلایە.