مەسەدە حکوومەتی سووریا بە پێشێلکردنی ئاگربەستی حەلەب تۆمەتبار دەکات
ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات "مەسەدە" ڕایگەیاند؛ سوپای عەرەبی سووریا ئاگربەستیان لە گەڕەکەکانی شیێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی شاری حەلەب پێشێل کردووە و بە چەکی قورس بەردەوام لە تۆپبارانکردنی ناوچە مەدەنییەکان.
حەسەن محەممەد عەلی، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییە گشتییەکانی مەسەدە، ئاشکرای کرد؛ هێزەکانی حکوومەتی سووریا پابەندی ڕێککەوتنی شەڕی ئاگر بەست نەبوون.
ئاماژەی بەوەشدا نەخۆشخانەی خالید فەجر بە هۆی تۆپبارانی تانک و مووشەکەوە بەسەر بریندارەکان داڕماوە. لە ئەنجامی ئەم هێرشانە لە کاتی ئاگربەستەکەدا، ژمارەیەک هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە کە لە نێویاندا دوو پزیشک و پینج گەنجی ئەشرەفییە هەن.
بەرپرسەکەی مەسەدە ڕایگەیاند؛ ئێستا پەیوەندییەکی بەردەوام لەگەل وڵاتانی ئەمەریکا و فەرەنسا هەیە، بۆ دروستکردنی فشارێکی نێودەولەتی بەمەبەستی ڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕ و گرەنتیکردنی ئاگربەستەکە. بە ئامانجی ئەم هەوڵانە دەستپیکردنی گفتوگۆیە بۆ دیاریکردنی چوارچێوەیەکی کارگێڕی تایبەت بۆ ئەو گەڕەکانەی حەلەب کە زۆربەی دانیشتووانەکەی کوردن.
لە کاتێکدا پێکدادانەکان لە گەڕەکی شێخ مەقسوود بە توندی بەردەوامن، سوپای سووریا ڕایگەیاندووە؛ کۆنترۆڵی تەواوی گەڕەکی ئەشرەفیەی کردووە. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە هێزە کوردییەکان ڕەتیانکردەوە گەڕەکی شێخ مەقسوود چۆڵ بکەن و سوورن لەسەر بەرگریکردن لەو ناوچانە.