زیاتر لە 500 ماڵ لە دهۆک سیستەمی وزەی خۆر بەکار دەهێنن

دانانی سیستمی وزەی خۆر (سۆلار) لە پارێزگای دهۆک ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبووندایە. هاووڵاتییان بۆ ڕزگاربوون لە کێشەی کارەبا و تێچووی بەرزی موەلیدە ئەهلییەکان، پەنا بۆ ئەم سەرچاوە پاکەی وزە دەبەن. 

ئەم هەنگاوە جگە لە سوودی ئابووری بۆ خێزانەکان، کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر کەمکردنەوەی فشار لەسەر تۆڕی کارەبای نیشتمانی و پاراستنی ژینگەش هەیە.

خێزانێکی دانیشتووی دهۆک زیاتر لە ساڵێکە سیستمی سۆلاریان بۆ ماڵەکەیان داناوە و بەتەواوی لە کێشەی کارەبا ڕزگاریان بووە. شامل قەدوری، یەکێک لەو هاووڵاتییانەی سوودمەندی ئەم سیستەمەیە، بە کوردستان24ـی گوت: "پێشتر بۆ 10 ئەمپێر کارەبای موەلیدە، مانگانە نزیکەی 200 بۆ 250 هەزار دینارم دەدا، بەڵام ئێستا بەهۆی سیستمی سۆلارەوە 24 کاتژمێر کارەبامان هەیە و هیچ بڕە پارەیەک نادەین".

سیستمی سۆلار توانای دابینکردنی زیاتر لە 40 ئەمپێر کارەبای هەیە، ئەمەش وا دەکات خێزانەکان بەبێ هیچ گرفتێک پێداویستییەکانی ڕۆژانەیان دابین بکەن.

لەگەڵ زیادبوونی هۆشیاریی هاووڵاتییان، خواست لەسەر دامەزراندنی سیستمی سۆلار بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.

 ئەحمەد قاسم، ئەندازیار لە یەکێک لە کۆمپانیاکانی دامەزراندنی سیستەمەکە، ئاماژەی بەوە کرد، "بەهۆی کێشەی کارەباوە، داواکاری لەسەر سیستمی وزەی خۆر زۆر زیادیکردووە. چەندان جۆر سیستەم هەن، وەک سیستمی بازرگانی، پیشەسازی و کشتوکاڵی، هەروەها بۆ بیرەکانیش بەکار دێت".

تا ئێستا یەکێک لە کۆمپانیاکان بە تەنیا بۆ زیاتر لە 150 ماڵ و شوێنی گشتی سیستەمەکەی دامەزراندووە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە سنووری پارێزگای دهۆک زیاتر لە 530 بەشداربووی کارەبا سیستمی سۆلاریان دامەزراندووە. 

حازم محەمەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای دهۆک، لەمبارەیەوە گوتی: "ئەو سیستەمانەی دانراون، نزیکەی 6.8 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنن. بەگشتی لە پارێزگاکەدا نزیکەی 7 مێگاوات کارەبا لە وزەی خۆرەوە بەرهەم دێت".

جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای دهۆک جەختی لەسەر سوودە ژینگەییەکانی سیستەمەکە کردەوە و گوتی: "ئەگەر ئەم بڕە وزەیە لە ڕێگەی دیزل یان گازەوە بەرهەم بهێنرایە، ساڵانە دەبووە هۆی دەرچوونی نزیکەی 5 هەزار تۆن گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، بۆیە ئەم سیستەمە فاکتەرێکی گرنگە بۆ پاراستنی ژینگە".