وەزارەتی کارەبا ئاساییبوونەوەی دۆخی کارەبای ڕاگەیاند
ئەمڕۆ شەممە، 10ـی کانوونی دووەمی 2026، وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاساییبوونەوەی تەواوەتی دۆخی کارەبای ڕاگەیاند.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە "دوای ئەو شەپۆلە ڕەشەبا و باران و بەفرەی شەوی ڕابردوو ناوچە جیاجیاکانی کوردستانی گرتەوە و بووە هۆی زیانگەیاندن بە تۆڕەکانی پاڵەپەستۆی بەرزی کارەبا لە نێوان وێستگەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە، هاوڵاتییانی کوردستان ئاگادار دەکەینەوە دۆخەکە بە تەواوەتی ئاسایی بووەتەوە."
جەختیش لەوە کراوەتەوە "تیمەکانی کۆنترۆڵی کارەبای هەرێم و پارێزگاکان بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی وزەی کارەبا، بارودۆخەکەیان کۆنترۆڵ کرد و دوای چەند کاتژمێرێک بەشێکی زۆری کارەبای پارێزگاکان گەڕایەوە، لە ئێستاشدا دۆخەکە بە تەواوەتی ئاسایی بووەتەوە."
وەزارەتی کارەبا سوپاسی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەکات "لە بەرانبەر ئارامییان" و هەموو لایەک دڵنیا دەکاتەوە "لەگەڵ ڕوودانی هەر گرفت و کێشەیەک لە تۆڕەکانی کارەبا، تیمەکانمان لە ئامادەباشی دان بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکە."