کەرکووک..بەهۆی وەرگرتنی بەرتیل سزای زیندانی بەسەر بەرپرسێکی نەوتی باکووردا سەپێندرا

دەستەی دەستپاکیی عێراق ڕایگەیاند، بەرپرسێکی کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووک بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکەدا دەستگیرکراوە و دواتر لەلایەن دادگاوە سزای زیندانی بۆ دەرچووە.

ڕۆژی شەممە، 10ـی کانوونی دووەمی 2026، دەستەی دەستپاکیی فیدڕالی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، تیمەکانی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی کەرکووک لە ڕێگەی دانانی بۆسەیەکەوە، سەرۆکی یەکێک لە لیژنەکانی کۆمپانیای نەوتی باکووریان دەستگیرکردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان، ئەو بەرپرسە فشاری خستووەتە سەر بەڵێندەرێک و داوای بڕی پێنج هەزار دۆلاری لێکردووە، لە بەرامبەر ئەوەی ڕەزامەندی پێ بدات بۆ دروستکردنی یاریگایەکی تۆپی پێ و پڕۆژەیەکی گەشتیاری.

دەستەی دەستپاکیی عێراق ئەوەشی ئاشکرا کرد، دەستگیرکردنەکە لەسەر فەرمانی دادوەر و لەو کاتەدا بووە کە تۆمەتبارەکە خەریکی پێدانی نووسراوی ڕەزامەندی و وەرگرتنی بەشی یەکەمی پارەی بەرتیلەکە بووە.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، دوای ڕەوانەکردنی دۆسیەکە بۆ دادگای تاوانەکانی کەرکووک و خستنەڕووی بەڵگەکان، دادگا بڕیاری بەندکردنی دوو ساڵی بۆ تاوانبارەکە دەرکرد.