ڕاگرتنی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی حەلەب درێژ کرایەوە

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی حەلەب
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی حەلەب

دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنیی سووریا، بڕیارێکی بە پەلەی دەرکرد بۆ ڕاگرتنی سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی حەلەب و جەخت دەکاتەوە کە بڕیارەکە تا کاتێکی نادیار کاری پێ دەکرێت.

ئەمڕۆ شەممە 10ـی کانوونی دووەمی 2026، دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنیی سووریا، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ڕاگرتنی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی حەلەب درێژ کردەوە.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، ئەم بڕیارە تا کاتێکی نادیار کاری پێ دەکرێت، ئەگەر هەر بڕیارێک بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان درا، ڕێکارە فەرمییەکان بڵاو دەکرێنەوە و هاووڵاتییان ئاگادار دەکرێنەوە.

ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەی حەلەب، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە ماوەی پێنج ڕۆژە سوپای عەرەبیی سووریا بە فەرمانی ئەحمەد شەرع، هێرشی سەربازییان بۆ سەر هەر دوو گەڕەکی کوردی؛ "ئەشڕەفییە و شێخ مەقسوود" لە حەلەب، دەست پێکردووە.

سوپای عەرەبیی سووریا، بە شێوەیەکی هەڕەمەکی بە چەکی قورس و بە تانک، بۆردومانی ئەو دوو گەڕەکە کوردییە دەکەن، بەمەش زیاتر لە 150 هەزار هاووڵاتیی کە دانیشتووی ئەو گەڕەکانە بوون، ئاوارە بوونە.

هەروەها لە ئەنجامی بۆردومانە بەردەوامەکانی سوپای شەرع بۆ سەر دوو گەڕەکە کوردییەکە، تا ئێستا زیاتر لە 25 هاووڵاتیی سڤیل گیانیان لە دەستداوە و زیاتر لە 100ـی دیکەش بریندار بوونە.