ئاژەڵدارانی ئاکرێ: پار وشکەساڵی بوو، بەڵام ئەمساڵ ساڵی خێر و بەرەکەتە
لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێدا، سروشتی ناوچە شاخاوییەکانی ئاکرێ سیمایەکی نوێی بەخۆیەوە گرتووە و بەفر و بارانی زۆر جووتیار و ئاژەڵدارانی دڵخۆش کردووە.
لەناو لەوەڕگا و دەشتەکاندا، ئاژەڵداران مەڕ و ماڵاتیان دەلەوەڕێنن و هیوا و ئومێدێکی گەورەیان بۆ ئەمساڵ هەیە.
سەگڤان نایف، یەکێک لە ئاژەڵدارەکان، بە کوردستان24ی گوت: "ساڵی 2025 ساڵێکی زۆر سەخت بوو، ئاو و باران کەم بوو و وشکەساڵی بوو. زۆرێک لە ئاژەڵداران لە ترسی وشکەساڵی ئاژەڵەکانیان فرۆشت؛ بەڵام سوپاس بۆ خوا ئەمساڵ بەفرێکی زۆر باریوە و هیوادارین ساڵێکی پڕ خێر و بەرەکەت بێت".
هەروەها، تاهیر تەمۆ، ئاژەڵدارێکی دیکەیە و دەڵێت: ساڵی 2025 حکوومەت هاوکاری کردین و سوپاسیان دەکەین. هیوادارین ئەمساڵیش وەک ساڵی ڕابردوو هاوکاریمان بکەن بۆ ئەوەی بتوانین ژیانی خۆمان دابین بکەین.
بەگوێرەی ئامارەکانی کەشناسی، لە وەرزی زستانی ئەمساڵدا لە سنووری ئاکرێ زیاتر لە 520 ملیمەتر باران و 35 سانتیمەتر بەفر باریوە، ئەمەش بووەتە هۆی گەشانەوەی هیوا لای ئاژەڵداران.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە سنووری قەزای ئاکرێ زیاتر لە 60 هەزار سەر مەڕ و ماڵات هەیە. وشکەساڵی لە ساڵانی ڕابردوودا کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری لە هەرێمی کوردستان بەجێهێشتووە، بەڵام بارانبارینی ئەمساڵ ئومێدێکی نوێی بەخشییوەتەوە بە جووتیاران و ئاژەڵداران.
حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش لە ڕێگەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوەوە، بەردەوامە لە دابینکردنی پێداویستی و هاوکاری بۆ جووتیاران، لەوانە دابینکردنی ئالیک و پڕۆژەی دیکەی پشتیوانی.