ڕامی عەبدولڕەحمان بۆ کوردستان24: شەڕ لە شێخ مەقسوود بەردەوامە و کوژراو و بریندار هەیە

ئەمڕۆ شەممە، 10ـی کانوونی دووەمی 2026، ڕامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 دواین پێشهاتە مەیدانییەکانی گەڕەکی شێخ مەقسوودی شاری حەلەبی ئاشکرا کرد و ئاماژەی بە پێکدادانی توند و ئۆپەراسیۆنی دزەکردنی پێچەوانە کرد.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕوانگەی سووری، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب ئۆپەراسیۆنێکی دزەکردنیان بۆ سەر مۆڵگەکانی سوپای عەرەبیی سووریا ئەنجامداوە. هاوکات، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی سووریا هەوڵیانداوە دزە بکەنە ناو چەند باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لەناو گەڕەکی شێخ مەقسوود، ئەمەش بووەتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕێکی دەستەوێخە لەناو ناوچە نیشتەجێبووەکاندا.

ڕامی عەبدولڕەحمان ڕایگەیاند؛ دەنگی تەقینەوەی یەک لە دوای یەک لە ناوچەکە بیستراوە و پێکدادانەکان بوونەتە هۆی کەوتنەوەی زیانی گیانی. بەگوێرەی ڕاپۆرتە پشتڕاستکراوەکان، لە ڕیزەکانی هەردوولادا "ئاساییش و گرووپە چەکدارەکانی سووریا کوژراو و بریندار هەن".

ئێستا گرژییەکان لە لووتکەدان و پێکدادانی پچڕپچڕ لە چەندین قۆڵی گەڕەکی شێخ مەقسوود بەردەوامە، ئەمەش لە کاتێکدایە هەوڵەکانی هەردوولا بۆ کۆنترۆڵکردنی بینا ستراتیژییەکان چڕ بووەتەوە.