بۆکسێنەری بەناوبانگی کورد هەنگاو بەرەو مێژوو دەنێت
ئەڵمانیا خۆی بۆ ڕووداوێکی وەرزشیی مێژوویی ئامادە دەکات، کاتێک ئەمشەو 10ـی کانوونی دووەمی 2026، شاری ئۆبەرهاوزن دەبێتە چەقی گرنگیپێدانی جیهانی بۆکسێن، چاوەکان هەمووی لەسەر ئەستێرەی کورد و یەکێک لە پێنج باشترین بۆکسێنەرەکانی جیهان، ئەغیت کابایێل دەبن، کە دەگەڕێتەوە بۆ بەرگریکردن لە ناونیشانی کاتیی (WBC) لە کێشی قورسدا.
ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە کە لە هۆڵی بەناوبانگی "رودۆلف ویبەر ئارینا" ئەنجام دەدرێت، بە هاوبەشی (DAZN) و (Queensberry Promotions) یارییەکە بەڕێوەدەچێت. چاودێران پێشبینی دەکەن ئەمە ببێتە گەورەترین شەوی بۆکسێن لە مێژووی نوێی ئەڵمانیادا، کە ئامانج لێی گێڕانەوەی شکۆی بۆکسێنە لەو وڵاتە بۆ ئاستی پێشەنگی جیهان.
بۆ کابایێل، یارییەکەی ئەمشەو تەنیا بەرگریکردن نییە لە پشتێنەکەی، بەڵکو وێستگەیەکی چارەنووسسازە. بردنەوە لەم یارییەدا بە فەرمی دەرگا بۆ ئەم پاڵەوانە دەکاتەوە تاوەکو لە کۆتاییەکانی ساڵی 2026دا بەرامبەر ئەستێرەی ئەفسانەیی جیهان، ئۆلێکسەندەر ئۆسیک، بوەستێتەوە بۆ یەکلاکردنەوەی باشترینەکانی جیهان.
ئەم ڕووداوە گرنگە بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی پلاتفۆرمی DAZNـەوە بۆ هەوادارانی بۆکسێن لە سەرانسەری جیهان دەگوازرێتەوە.
ئەم شەو، هۆڵی رودۆلف ویبەر ئارینا نەک تەنیا شوێنی یارییەک، بەڵکو دەبێتە شاهیدی نووسینەوەی مێژوویەکی نوێ بۆ وەرزشی بۆکسێن بە سەرکردایەتی ئەغیت کابایێل.