هاووڵاتییانی عێراق: ساختەکاری لە کارتە بانکییەکانمان دەکرێت و پارەکەمان دەدزرێت
کارتی بانکی کە بۆ ئاسانکاریی مامەڵەی ڕۆژانەی هاووڵاتییان دروست کراوە، لە عێراق بووەتە مایەی سەرئێشە و کێشە بۆ بەشێک لە هاووڵاتییان، کە سکاڵا لە دزینی پارەکانیان و ساختەکاری لە هەژمارە بانکییەکانیان دەکەن.
ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی عێراق ئاماژە بەوە دەکەن، لە ڕێگەی کارتە بانکییەکانیانەوە ساختەکارییان لێ کراوە و هەژمارەکانیان بەتاڵ کراوەتەوە، ئەمەش وای کردووە متمانەیان بە سیستەمی بانکی و کارتە ئەلیکترۆنییەکان نەمێنێت.
سوهاد نەقەبیس، یەکێک لەو هاووڵاتییانەیە کە دەڵێت، "کۆمپانیای کی کارد خستووینەتە تەڵەیەکەوە کە هیچ گوناهێکمان تێیدا نەبووە." ئەو باس لەوە دەکات، کارتە بانکییەکەی لە ساڵی 2021ـەوە بەسەرچووە، بەڵام دواتر تووشی شۆک بووە کاتێک زانیویەتی کەسێکی دیکە کارتی بە ناوەوە کارا کردووەتەوە و بەکاری دەهێنێت.
سوهاد ڕەخنە لە کۆمپانیاکە دەگرێت و دەڵێت: "کۆمپانیای کی کارد پارێزگاری لە هیچ کەسێک ناکات، پێویست بوو پارێزگاری لە هاوبەشانی بکردایە."
هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی مورتەجا کەعبی، باسی لەوە کرد، لەناکاو نامەیەکی بۆ هاتووە کە گوایە ملیۆن و نیوێک دینار لە هەژمارەکەی ڕاکێشراوە، لە کاتێکدا ئەو هیچ ئاگادارییەکەی نەبووە. دواتر کاتێک سەردانی بانکی کردووە، پێیان ڕاگەیاندووە کە پێشینەیەکی بە بڕی 10 ملیۆن دینار بە ناوی ئەوەوە ڕاکێشراوە، لە کاتێکدا ئەو جەخت دەکاتەوە، هیچ پێشینەیەکی وەرنەگرتووە. کەعبی دەڵێت، "ئەو کۆمپانیایانە لە سەرووی یاساوەن و کەس ناتوانێت لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکات."
لەلایەکی دیکەوە، شارەزایان و ئابووریناسان هۆشداری دەدەن لە تەشەنەسەندنی دیاردەی دزیکردن لە ڕێگەی کارتە بانکییەکانەوە. سەمفان قوسەی، ئابووریناس، ڕایگەیاند: "ئەم جۆرە کارانە متمانەی هاووڵاتییان بە بانکەکان ناهێڵێت." ئەو پێی وایە کە پێویستە چاودێرییەکی توند لەسەر کارمەندانی ئەو کۆمپانیایانە هەبێت کە کارتەکان دەردەکەن، چونکە بەشێک لە کارمەندان زانیارییەکانی هاوبەشان بۆ مەبەستی دزیکردن بەکاردەهێنن.
هاووڵاتییان، بەتایبەتی توێژی فەرمانبەران، ترسیان لێ نیشتووە و نیگەرانن لەوەی کە پارەی مووچەکانیان لە ڕێگەی ئەو کارتانەوە بدزرێت. ئەمەش لە کاتێکدایە، پسپۆڕان لایەنەکانی ناوخۆی کۆمپانیاکان بە هۆکاری سەرەکیی ئەم دزی و ساختەکارییانە دەزانن، چونکە دەستیان بە زانیاریی هەژماری هاووڵاتییان دەگات.