دوایین زانیاری لەبارەی شەڕەکەی گەڕەکی شێخ مەقسوود
ئەمڕۆ شەممە، 10ـی کانوونی دووەمی 2025، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە حەلەب ڕایگەیاند، بۆ ماوەی پێنج ڕۆژە بەرگرییەکی قارەمانانە لە بەرانبەر هێرشی میلیشیاکانی حکوومەتی دیمەشق دەکەن، هاوکات ئاشکرای دەکات، دوو ئۆتۆمبێلی زرێپۆش تێکشکێنراون و نەخۆشخانەیەکیش بەشێوەیەکی بەردەوام دەکرێتە ئامانج.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، شەڕ و پێکدادانی توند لە گەڕەکی شێخ مەقسوود "لە بەرانبەر میلیشیاکانی حکوومەتی دیمەشق بەردەوامە. ئەم پێکدادانانە بوونەتە هۆی تێکشکاندنی دوو ئۆتۆمبێلی زرێپۆشی ئەو میلیشیایانە لە چوارچێوەی شەڕی کۆڵان بە کۆڵاندا کە هێزەکانی ئاسایش بۆ بەرپەرچدانەوەی هەوڵەکانی پێشڕەوی و دەستدرێژی ئەنجامی دەدەن."
هاوکات، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ئاماژەیان بەوە داوە، میلیشیاکان بەردەوامن لە بەئامانجگرتنی نەخۆشخانەی "خالید فەجر" کە پڕە لە برینداری مەدەنی. ئەمەش بە "هەنگاوێکی مەترسیدار" وەسف کراوە کە هەڕەشە لە ژیانی هاووڵاتییانی مەدەنی و کارمەندانی پزیشکی دەکات.
گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب، کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی کوردن، لەژێر کۆنترۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردان. ئەم گرژییانەی ئێستا درێژکراوەی ئەو پێکدادانانەن کە لە کۆتاییەکانی مانگی کانوونی یەکەمی 2025 دەستیان پێکرد. لەو کاتەوە ناو بەناو شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و هێزەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق ڕوودەدات.
سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە 22ی کانوونی یەکەمی 2025، بەڵام گرژییەکان بەردەوام بوون و حکوومەتی دیمەشق بە پێشێلکردنی تۆمەتبار کراوە. هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە حەلەب ڕایانگەیاندووە کە حکوومەتی دیمەشق پشت بە کۆمەڵێک گرووپی میلیشیای سزادراوی نێودەوڵەتی وەک "عەمشات" و "حەمزات" دەبەستێت بۆ هێرشکردنە سەر ئەم گەڕەکانە.
بەپێی ئامارەکان، هێرشەکانی ئەم دواییە بوونەتە هۆی شەهیدبوونی نزیکەی 50 هاوڵاتی مەدەنی و برینداربوونی دەیانی دیکە دیکە، هەروەها زیانێکی زۆر بەر نزیکەی 300 خانوو و چەندین ناوەندی خزمەتگوزاری گەیشتووە. دۆخێکی مرۆیی سەخت ناوچەکەی گرتووەتەوە، بەهۆی گەمارۆی مرۆیی و ئەمنی و بڕینی کارەبا و ئینتەرنێت لەسەر دانیشتووانی ئەم گەڕەکانە.