پارێزگاری حەلەب: 155 هەزار کەس ئاوارە بوون
پارێزگاری حەلەب، ڕایگەیاند، بە هۆی بەردەوامی ڕووبەڕوو بوونەوەکان لە نێوان هێزەکانی ئاسایشی حەلەب و سوپای عەرەبیی سووریا، لە هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە باکووری حەلەب، 155 هەزار کەس ئاوارە بوون.
شەممە 10ـی کانوونی دووەمی 2026، عەزام غەریب پارێزگاری حەلەب، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، نزیکەی 155 هەزار کەس لە هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە ئاوارەبوون و ڕوویان لە گەڕەک و گوندەکانی دەوروبەری حەلەب کردووە.
ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، لە گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی حەلەب کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی کوردن، ڕووبەڕوو بوونەوە لە نێوان هێزەکانی ئاسایشی حەلەب و سوپای عەرەبیی سووریا ڕوویدا، بە هۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی بوونە قوربانی و نزیکەی 155 هەزار کەسیش ئاوارە بوون.
ماوەی پێنج ڕۆژە سوپای عەرەبیی سووریا بە فەرمانی ئەحمەد شەرع، هێرشی سەربازییان بۆ سەر هەر دوو گەڕەکی کوردی؛ "ئەشڕەفییە و شێخ مەقسوود" لە حەلەب، دەست پێکردووە.
سوپای عەرەبیی سووریا، بە شێوەیەکی هەڕەمەکی بە چەکی قورس و بە تانک، بۆردومانی ئەو دوو گەڕەکە کوردییە دەکەن، لە ئەنجامی بۆردومانە بەردەوامەکانی سوپای شەرع، تا ئێستا 23 هاووڵاتیی سڤیل گیانیان لە دەستداوە و 98ـی دیکەش بریندار بوون.