تۆم باراک: هەسەدە قوربانی زۆری لە شەڕی دژ بە تیرۆر داوە
تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمەریکا، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریای عەرەبی و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوە، پشتگیری تەواوی وڵاتەکەی بۆ قۆناغی گواستنەوەی سووریا ڕاگەیاند.
لەو کۆبوونەوەیەدا کە لەسەر ڕاسپاردەی دۆناڵد ترەمپ و مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوە ئەنجامدرا، بڕیاری لادانی سزاکانی ئەمەریکا لەسەر سووریا درا بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی و جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەکانی تایبەت بە یەکخستنی هێزە سەربازییەکان.
باڵیۆزی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە کرد، دۆناڵد ترەمپ ئەم قۆناغە بە دەرفەتێکی زێڕین بۆ بونیاتنانی سووریایەکی نوێ دەبینێت، کە تێیدا هەموو پێکهاتەکانی وەک عەرەب، کورد، مەسیحی، دروز، عەلەوی، تورکمان و ئاشووری بە کەرامەت و ڕێزەوە بەشداربن لە دامەزراوەکانی دەسەڵات و تەناهیدا.
لەم چوارچێوەیەدا، حکوومەتی ئەمەریکا پێشوازی لە قۆناغی نوێی سووریا دەکات و پشتگیری حکوومەتەکەی ئەحمەد شەرع دەکات بۆ سەقامگیرکردنی وڵات و بونیاتنانەوەی دامەزراوە نیشتمانییەکان.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، باراک ڕایگەیاند: حکوومەتی سووریا پابەندبوونی خۆی بە ڕێککەوتنی مانگی ئاداری 2025 دووپاتکردووەتەوە، ئەم ڕێککەوتنە چوارچێوەیەک بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە لەناو دامەزراوە نیشتمانییەکان دیاری دەکات، بە جۆرێک کە مافەکانی کورد بپارێزرێت و سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریاش بەهێزتر بکات، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئەمەریکا قوربانییەکانی هەسەدەی لە شەڕی دژی داعش لە بیر نەکردووە و وەک هاوبەشێکی سەرەکی لە بەدیهێنانی سەقامگیریدا دەمێننەوە.
لە لایەکی دیکەوە، باڵیۆزی ئەمەریکا نیگەرانی قووڵی وڵاتەکەی نیشان دا بەرانبەر بەو پەرەسەندنانەی دوایی حەلەب کە هەڕەشە لە ڕێککەوتنەکان دەکەن، داوای لە هەموو لایەنەکان کرد دان بە خۆیاندا بگرن، دەستبەجێ شەڕ ڕابگرن و بگەڕێنەوە بۆ مێزی گفتوگۆ بەگوێرەی ڕێککەوتننامەکانی 10ـی ئاداری 2025، چونکە توندوتیژی تەنیا خزمەت بە دەستێوەردانی دەرەکی دەکات.