پارتی مەرجی نوێ بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار دادەنێت

پەرلەمانتارێکی عێراق لەسەر لیستی پارتی، جەخت لە بەردەوامیی دانوستانەکان بۆ مەبەستی یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، لایەنە کوردییەکان لە بەردەم دوو بژاردەی سەرەکیدان بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە، هاوکات پێداگریی حزبەکەی لەسەر کاندیدکردنی فوئاد حوسێن دووپات کردەوە.

شەممە، 10ـی کانوونی دووەمی 2026، ئیخڵاس دلێمی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقییە ڕایگەیاند: دانوستانەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، بۆ مەبەستی یەکلاییکردنەوەی پرسی سەرۆک کۆماری عێراق، پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێم و کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بەردەوامە.

پەرلەمانتارەکەی پارتی ئاماژەی بەوە دا، کە حزبەکەی کاندیدی فەرمیی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار پێشکەش کردووە و سوورە لەسەر ئەو کاندیدکردنە، بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم پرسەش فراکسیۆنە کوردستانییەکان دوو بژاردەیان لە بەردەمدایە؛ 

بژاردەی یەکەم؛ پەیڕەوکردنی پرەنسیپی دەنگی "زۆرینەی کوردی". دەلێمی دەڵێت: هەروەک چۆن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان پشت بە زۆرینەی سوننی دەبەسترێت و بۆ دیاریکردنی سەرۆک وەزیران زۆرینەی شیعی بڕیار دەدات، بە هەمان شێوە سروشتییە کە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریش بە بڕیاری زۆرینەی پێکهاتەی کوردی بێت".

بژاردەی دووەم:  هاوکێشەی پۆست لە بەرامبەر پشکەکان، لەو بارەیەوە ئەو پەرلەمانتارەی پارتی گوتی: "مەرجی دووەم ئەوەیە هەر فراکسیۆنێک پۆستی سەرۆک کۆمار وەربگرێت، دەبێت لە بەرانبەردا دەستبەرداری سەرجەم شایستە و پشکە حکومییەکانی دیکە ببێت، جا چ بەشداریکردن بێت لە کابینەی حکوومەت یان پۆستەکانی دیکە".

دلێمی بە ڕاشکاوی ڕەخنەی لە دۆخی ئێستا گرت و گوتی: "هیچ لۆژیکی نییە و مەعقول نییە فراکسیۆنێک کە خاوەنی 17 کورسیی پەرلەمانییە، پۆستی سەرۆک کۆمار وەربگرێت و هاوکات دوو وەزارەت، چەندین لیژنە، پێنج بریکار و دەستەیەکی سەربەخۆش ببات".

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، پەرلەمانتارەکەی پارتی باسی لەوە کرد، کە کاندیدی حزبەکەی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار د. فوئاد حوسێن)ـە، هەروەها داوای لە چوارچێوەی هەماهەنگی کرد کە هەمان ئەو پێوەرەی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییەکانی پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیران کاری پێدەکەن، بۆ سەرۆکایەتی کۆماریش جێبەجێی بکەن و ڕەچاوی زۆرینەی کوردی بگرن.

 

کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی

پێنجشەممە 8ـی کانوونی دووەمی 2026، سەرچاوەیەک بە هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕایگەیاندبوو، یەکێتی و پارتی دوای کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیان، ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی هەفتەی داهاتوو درێژە بە گفتوگۆکانیان بدەن.

بەپێی زانیارییەکان، ئەجێندای کۆبوونەوەی داهاتوو لەسەر سێ تەوەری سەرەکی و ستراتیژی چڕ دەبێتەوە:

-پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

-کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان.

-یەکلاکردنەوەی پرسی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە داوە، کە پەیوەندییەکی پتەو لە نێوان ئەم سێ دۆسیەیەدا دروست کراوە؛ بە جۆرێک کە گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر شێوازی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەت، دەبێتە کلیلی چارە و دەرچەیەک بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و یەکلاکردنەوەی کێشەکانی تایبەت بە پۆستی سەرۆک کۆمار لە بەغدا.

بە پێی سەرچاوەکە، یەکێک لە خاڵە وەرچەرخانەکانی دانوستانەکانی ئەمجارە، تاوتوێکردنی بیرۆکەی دیاریکردنی "کاندیدی هاوبەش"ـە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق.

 

پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق

 
 
 
 
 
 

سێشەممە، 30ـی کانوونی یەکەمی 2025، هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی هەڵبژێردراوی پەرلەمانی عێراق، وەک یەکەم هەنگاوی دەستووری دوای دەستبەکاربوونی، بە فەرمی دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق کردەوە و ڕۆژی دووشەمە 5ـی کانوونی دووەمی 2026 وەک دوا وادە بۆ وەرگرتنی سی ڤی کاندیدان دیاریی کرد.

ڕۆژی دووشەمە 5ـی کانوونی دووەمی 2026، پەرلەمانی عێراق، لیستی کۆتایی کاندیدانی پۆستی سەرۆک کۆماری بڵاو کردەوە، کە 81 کەس بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە ناوی خۆیان تۆمار کردووە و لە نێویاندا 4 ئافرەت هەن.

 پەرلەمانی عێراق بە پێی دەستوور، لە ماوەی 30 ڕۆژ لە دوای یەکەم دانیشتنی خۆی، دەبێت سەرۆک کۆمارێکی نوێ هەڵبژێرێت. دوای هەڵبژاردنی، سەرۆک کۆمار 15 ڕۆژی لەبەردەست دەبێت بۆ ڕاسپاردنی کاندیدی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت.

پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە پەرلەمان پێویستی بە ئامادەبوونی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان هەیە. لە گەڕی یەکەمی دەنگداندا، کاندیدێک بۆ بردنەوە پێویستی بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئامادەبووان هەیە. ئەگەر هیچ کاندیدێک ئەو ڕێژەیەی بەدەست نەهێنا، دوو کاندیدی یەکەم دەچنە گەڕی دووەم و ئەو کەسەی زۆرترین دەنگ بەدەست دەهێنێت، دەبێتە سەرۆک کۆمار.