ئەلمۆنیتەر: شەیبانی کۆبوونەوەکەی هەسەدە و دیمەشقی تێکدا و بووە هۆی دروستبوونی دۆخی حەلەب

سەرچاوەکان وردەکاریی ئەو سیناریۆ سەیرە ئاشکرا دەکەن کە بووە هۆی تەقینەوەی دۆخی حەلەب؛ لە کاتێکدا هەسەدە و وەزارەتی بەرگری گەیشتبوونە لێکتێگەیشتن، وەزیری دەرەوەی سووریا بە شێوەیەکی کتوپڕ هەڵیکوتایە سەر ژووری کۆبوونەوەکە، فەرماندەی هاوپەیمانانی دەرکرد و بەبێ هیچ پاساوێک کۆتایی بە هەموو شتێک هێنا.

ماڵپەری ئەلمۆنیتەر ڕاپۆرتێکی لەبارەی کۆبوونەوەکانی ڕۆژی 4ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، لەو کۆبوونەوەیەدا شاندێکی باڵای هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە سەرۆکایەتی مەزڵووم عەبدی، مورهەف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگریی سووریا و لیوا کێڤن لامبێرت، فەرماندەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەشداربوون و ئامانج لەێی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 10ی ئادار بووە بۆ تێکەڵکردنەوەی دامەزراوەکان، بەڵام دوای دوو ڕۆژ لەو کۆبوونەوەیە، شەڕێکی خوێناوی لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب هەڵگیرسا.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست ماڵپەڕی (ئەلمۆنیتەر) کەوتووە، سەرەڕای ئەوەی کۆبوونەوەکە سەرەتا ئەرێنی بووە، بەڵام لە قۆناغێکی گرنگدا، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا چووەتە ژووری کۆبوونەوەکە و داوای لە ژەنەراڵە ئەمریکییەکە کردووە ژوورەکە بەجێبهێڵێت، دواتر ڕایگەیاندووە کە کۆبوونەوەکە کۆتایی هاتووە بەبێ هیچ پاساوێکی مەنتقی.

فەوزە یوسف، بەرپرسێکی باڵای کورد لە ڕۆژئاڤا لەم بارەیەوە بە ماڵپەڕەکەی ڕایگەیاندووە: هەڵسوکەوتی شاندی حکوومەت زۆر سەیر بوو، ڕەتیانکردەوە ڕاگەیەندراوی هاوبەش دەربکەین و ئێستا ڕێککەوتنەکە سڕ کراوە.

هەروەها ئەلمۆنیتەر لە زاری چەند سەرچاوەیەک ئاشکرای کردووە، پێش تێکچوونی دۆخەکە، دیمەشق نەرمی نواندووە و بە پێکهێنانی سێ فیرقەی سەربازی بە سەرکردایەتی کورد لە ئەندامانی هەسەدە، دروستکردنی سێ لیوای تایبەت لە وانە لیوای ژنان، لیوای دژەتیرۆر، لیوای پاسەوانی سنوور و ڕێگەدان بە هەسەدە بۆ پاسەوانیکردنی بەشێکی سنوورەکان لەژێر فەرماندەیی وەزارەتی بەرگریدا ڕازی بووبوو.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکە هاتووە، سەرەڕای پێشکەوتنەکان، بێمتمانەیی بووەتە هۆی دروستبوونی ناکۆکی توند لەسەر میکانیزمی جێبەجێکرد؛ دیمەشق داوای کردووە سوپاکەی بەبێ بەربەست بچێتە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی فورات، بەڵام هەسەدە مەرجی داناوە کە هەر کاروانێکی سەربازی لە 5 ئۆتۆمبێل زیاتر بێت، دەبێت بە هەماهەنگی پێشوەختە بێت، هەروەها دیمەشق سوور بووە لەسەر ئەوەی خۆی شوێنی جێگیربوونی هێزەکان و فەرماندەکانیان دیاری بکات، کە ئەمەش لای کوردەکان وەک هەوڵێک بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوەتی بینراوە.

دوای شکستهێنانی ئەم دانوستانانە، دۆخی مەیدانی لە حەلەب تەقییەوە و بووە هۆی دەستپێکردنی توندترین ڕووبەڕووبوونەوە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەدەوە لە کۆتایی ساڵی 2024.