ڕەواج حاجی: 130 هەزار کەس گەڕاونەتەوە عەفرین

بەرپرسێکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی شەڕی گەڕەکەکانی حەلەبەوە 25 هەزار خێزان گەڕاونەتەوە عەفرین و 1200 خێزانیش لە ناوەندی حەلەب ئاوارە بوون، جەختیش دەکاتەوە کە تیمەکانیان ڕۆژانە خواردنی گەرم و چارەسەری تەندروستی بۆ لێقەوماوان دابین دەکەن.

شەممە 10ـی کانوونی دووەمی 2026، ڕەواج حاجی، ئەندامی دەستەی کارگێڕی ڕێکخراوی خێرخوازی بارزانی بە کوردستان24ی گوت: بەهۆی ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و سوپای عەرەبیی سووریا لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، زیاتر لە 1200 خێزان ئاوارە بوونە لە پێنج شوێن لە ناوەندی حەلەب دەمێننەوە، هاوکات زیاتر لە 25 هەزار خێزان واتە نزیکەی 130 هەزار گەڕاونەتەوە عەفرین و گوندەکانیان.

ڕەواج حاجی باسی لەوەش کرد، وەک دەزگای خێرخوازی بارزانی ناوەندی دابینکردنی خواردنیان کردووەتەوە و بۆ ئاوارەکانی خواردنی گەرم دابین دەکەن و کێشەی خواردنمان چارەسەر کردووە، هاوکات تیمە تەندروستییەکانی دەزگاکەیان ئاوارەکان بەسەر دەکەنەوە و چارەسەر پزیشکی و دەروونی بۆ ئاوارەکان دابین دەکەن.

دەستەی کارگێڕی ڕێکخراوی خێرخوازی بارزانی دەشڵێت: خەڵک، کۆمپانیاکان و ڕێکخراوەکان دەتوانن لە ڕێگەی هەژماری بانکی بەشداریی لە هاوکارییکردنی خەڵکی حەلەب و ئاوارەکان بکەن، کە سبەی هەژماری تایبەت بۆ ئەو بابەت بڵاو دەکەینەوە.

گوتیشی: بەناوی دەزگاوە سوپاسی هەڵوێستی دانیشتووانی عەفرین دەکەین، کە دەرگایان بۆ ئاوارەکان کردووە و ماڵەکانیان کردە شوێنی مانەوە ئاوارەکان.