هەسەدە ڕەتیدەکاتەوە ئاوی وێستگەی بابیری ڕاگرتبێت
هەسەدە، ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە کە حکوومەتی دیمەشق ئاراستەی کردوون سەبارەت بە ڕاگرتنی ئاوی وێستگەی بابیری لە حەلەب و ڕایدەگەیەنێت، کارپێکردنی وێستگەکە لەژێر دەستی ئەواندا نییە.
شەممە 10ی کانوونی دووەمی 2026، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە ڕاگەیەندراوێکدا وەڵامی دەستەی وزەی سەر بە حکوومەتی دیمەشقی دایەوە کە بانگەشەی ئەوەی کردبوو بە فەرمانی هەسەدە پەمپکردنی ئاو لە وێستگەی بابیری لە گوندەواری ڕۆژهەڵاتی حەلەب ڕاگیراوە.
هەسەدە ئەو بانگەشانەی بە درۆ و هەڵمەتی چەواشەکاری سیستماتیک وەسف کرد کە ئامانج لێی هاندانی خەڵکە دژی هێزەکانیان و ڕوونی کردەوە: کارپێکردن و پەمپکردنی ئاو لە وێستگەی بابیر لەژێر بەڕێوەبردن و تەکنیکێکدایە کە لە دەرەوەی بازنەی دەسەڵات و کاری هێزەکانی ئێمەیە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، حکوومەتی دیمەشق پێشتر خۆی چەندین جار بە تۆپخانە ئەو وێستگەیەی کردووەتە ئامانج، بەڵام ئێستا هەوڵ دەدات بەرپرسیارێتی دەرئەنجامی کارەکانی خۆی بخاتە ئەستۆی لایەنی تر.