لە چەند شوێنێکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە ئاگربەست ڕاگەیەندرا

ئەنجوومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە ڕایدەگەیەنێت، بۆ ڕزگارکردنی برینداران و ئافرەتان و منداڵان لە نەخۆشخانەی خالید فەجر، گەیشتوونەتە ڕێککەوتن بۆ ئاگربەستێک لە چەند ناوچەیەکی گەڕەکەکان.

 شەممە 10ـی کانوونی دووەمی 2026، ئاژانسی هەواڵی هاوار بڵاویکردەوە؛ ئەنجوومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لە ڕاگەیەندراوێکدا بە مەبەستی وەستانی شەڕ لە بەشێکی ناوچەکەدا، ئاگربەستیان لەو گەڕەکە گەمارۆدراوانەی حەلەب ڕاگەیاند.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئامانجی سەرەکی لەم ئاگربەستە بریتییە لە ڕەخساندنی دەرفەت بۆ تیمە پزیشکی و مرۆییەکان تا بتوانن کارەکانیان بکەن بۆ گواستنەوەی برینداران، هەروەها ئافرەتان و منداڵان لە نەخۆشخانەی خالید فەجر کە دەکەوێتە گەڕەکی شێخ مەقسوود.

ئەنجوومەنەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە لە 6ـی کانوونی دووەمەوە ئەم دوو گەڕەکە ڕووبەڕووی هێرشی توندی چەکدارانی حکوومەت بوونەتەوە و بەپێی ڕاگەیەندراوەکە کۆمەڵکوژی دڕندانەیان بەرانبەر مەدەنییەکان ئەنجام داوە.

هەر ئەمڕۆ، عەزام غەریب پارێزگاری حەلەب، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، نزیکەی 155 هەزار کەس لە هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە ئاوارەبوون و ڕوویان لە گەڕەک و گوندەکانی دەوروبەری حەلەب کردووە