سێ وەرزشوان لە چیاکانی ئەلپ گیانیان لەدەست دا
یەکشەممە، 11 کانوونی دووەم، 2026 ، ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا، ڕایگەیاند، پاشنیوەڕۆی دوێنێ شەممە، سێ وەرزشوانی خلیسکانێی سەربەفر، لە دوو ڕووداوی جیاوازدا لە ناوچەی ساڤوا، لە زنجیرە چیاکانی 'ئەلپ'ی فەرەنسا، بە هەرەسی بەفر گیانیان لەدەست دا.
کاتژمێر 2:00 پاش نیوەڕۆی دوێنێ، وەرزشکاریک لە ڕێڕەوی دیاریکراوی خلیسکانێی سەر بەفر لای داوە و لە ئەنجامدا کەوتە ژێر هەرەسی بەفر و بەسەختی بریندار بوو و پاش گەیشتنی بە نەخۆشخانە، گیانی لەدەست دا. کاتژمێرێک دواتر، دوو وەرزشەوانی دیکە، لە ناوچەی ڤال دێلسار، لە هەمان زنجیرە چیا، کەوتنە ژێر هەرەسی بەفر و گیانیان لەدەست دا.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی نووسینگەی گەشتیاریی ڤال دێلسار، پاش هەوڵێکی زۆری تیمەکانی فریاگوزاری لە ژێر چینەبەفرێکی دوو مەتر و نیودا، لاشەی دوو وەرزشوانەکە دۆزرایەوە.
دەستەی کەشناسیی فەرەنسا (Météo France) ڕۆژی هەینی، هۆشداری لە بارەی ناجێگیریی چینە بەفرەکانی چیای ئەلپ دابوو و ڕۆژی شەممەش دووپاتی کردەوە کە 'چینێکی ناجێگیری بەفر' لە زۆربەی ناوچە خلیسکێنەکانی ئەلپ و پیرینیس باریوە و ڕۆژی یەکشەممە لە زۆربەی شوێنەکان ئاستی چواری هۆشداری جێبەجێ دەکرێت، کە ئەمەش دووەم بەرزترین ئاستی هۆشدارییە. کەشناسی فەرەنسا دەڵێت: "لەم دۆخەدا، تەنانەت یەک وەرزشوان، دەتوانێت بە ئاسانی ببێتە هۆی دروستبوونی هەرەسێکی گەورەی بەفر."
بە گوێرەی داتاکانی خزمەتگوزارییەکانی هۆشداریی هەرەسی ئەورووپی، ئەمساڵ تا ئێستا، 18 کەس بەهۆی هەرەسەوە گیانیان لەدەست داوە. سێ قوربانییەکەی ئەم دواییەی فەرەنسا هێشتا نەخراونەتە ناو ئەو لیستەوە.