پێشمەرگە و سوپای عێراق ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشیان ئەنجام دا
وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، هێزەکانیان بە هاوبەشی لەگەڵ سوپای عێراق، ئۆپەراسیۆنێکیان لە زنجیرە چیای قەرەچوغ بۆ گەڕان بەدوای مۆڵگەی تیرۆریستان ئەنجام داوە و توانراوە بە سەرکەوتوویی و بەپێی پلانی داڕێژراو ئامانجەکانیان بپێکن.
وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، ئەمڕۆ یەکشەممە 11ـی کانوونی دووەمی 2026، کاتژمێر 6:25ـی بەیانی، هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە سنووری زنجیرە چیای قەرەچوغ ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشیان ئەنجام دا.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا لیوای 18ـی فیرقەی یەکی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە بە هەماهەنگی لەگەڵ لیوای 14ـی فیرقەی 50ـی سوپای عێراقی بەشداربوون، تێیدا لە سنووری زنجیرە چیای قەرەچوغ و گوندەکانی دەوروبەری گەران و پشکنینیان بە دوای مۆڵگە و شوێنی مانەوەی تیرۆریستان ئەنجام دا، کە گومان دەکرا شوێنی مانەوە و جموجۆڵی تیرۆریستان لەو ناوچانەدا هەبن.
هەروەها باسی لەوەش کردووە، ئۆپەراسیۆنەکە بە شێوەیەکی دروست بە پێی نەخشە و پلانی بۆ داڕێژراو سەرکەوتووانە ئامانجی خۆی پێکا و لەلایەن فەرماندەی لیوای 18ی پیادەی هێزی پێشمەرگە سەرپەرشتی دەکرا.



