پرۆژەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی لافاو لە بنەسڵاوە جێبەجێ دەکرێن
لە پێناو سەلامەتیی هاووڵاتییان؛ شۆڕشێکی خزمەتگوزاری لە بنەسڵاوە دەستی پێکرد
لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی خزمەتگوزاری و پاراستنی هاووڵاتییان لە مەترسییە سروشتییەکان، ژمارەیەک کار و پرۆژەی خزمەتگوزاری لە قەزای بنەسڵاوە کەوتنە واری جێبەجێکردنەوە.
بە مەبەستی چارەکردنی گرفتەکانی کۆبوونەوەی ئاو و کەمکردنەوەی ئەگەرەکانی دروستبوونی لافاو لە وەرزەکانی بارانباریندا، ژمارەیەک کار و پرۆژەی خزمەتگوزاری بۆ ساڵی 2026 لە قەزای بنەسڵاوەی سەر بە پارێزگای هەولێر خرانە واری جێبەجێکردنەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکان، تێچووی ئەم پڕۆژانە بڕی 64 ملیۆن دینارە و لەسەر بودجەی "فریاگوزاریی خێرای بەڕەنگاربوونەوەی لافاو" لە پارێزگای هەولێر تەرخان کراوە.
پڕۆژەکان بە دیاریکراوی بریتیین لە دانان و دروستکردنی مەنهۆڵ، ئاوەڕۆی لوولەیی، کۆنکرێتکردنی شەقام، ئەم هەنگاوانە بەشێکن لە پلانی فراوانی حکوومەت بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی خزمەتگوزاری و پاراستنی هاووڵاتییان لە مەترسییە سروشتییەکان.
جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژانە لەم کاتەدا بە هەنگاوێکی گرنگ دادەنرێت بۆ ڕێگریکردن لە زیانەکانی لافاو، هەروەها وەک بەشێک لە ئامادەکارییەکان بۆ گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لە ساڵی 2026 هەژمار دەکرێت.



