بەرگریی شارستانی هەرێم ئاماری ڕووداوەکانی 2025ـی ئاشکرا کرد
ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ـی کانوونی دووەمی 2025، سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، داتا و ئامارە فەرمییەکانی ساڵی 2025ی سەبارەت بە ڕووداوە جۆراوجۆرەکان و قوربانیان ڕاگەیاند.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانی ئاماژەی بەوەشکرد، لە ڕێگەی دەزگای کەشناسی و بوومەلەرزەزانییەوە بەردەوام زانیارییان پێ دەگات و دوای هەڵسەنگاندن بۆ مەترسییەکان، تیمەکانیان دەخەنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو.
سەرکەوت کاڕەش ڕایگەیاند، لە ساڵی 2025دا، لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان 68 کەس بەهۆی خنکانەوە گیانیان لەدەستداوە، 26 کەسیان لە سنووری پارێزگای هەولێر بوون، کە زۆرینەیان لە زێی گەورە لە سنووری شارۆچکەی خەبات خنکاون. بەگوێرەی داتاکان، زۆربەی قوربانییەکان گەنج بوون و تەمەنیان لەنێوان 15 بۆ 20 ساڵیدا بووە.
جەختیشی کردەوە، هۆکاری سەرەکیی ئەم ڕووداوانە پابەند نەبوونە بە ڕێنماییەکان، سەرەڕای ئەوەی لەو شوێنانەدا بە سێ زمان تابلۆی ئاگادارکردنەوە و قەدەغەکردنی مەلەکردن دانراوە.
داتا و ئامارەکانی ساڵی 2025 بەم شێوەیەن:
-کۆی ڕووداوە جۆراوجۆرەکان: 12345 ڕووداو.
-ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە: 9402 ڕووداو.
-ڕووداوەکانی لافاو: 508 ڕووداو.
-کۆی گیانلەدەستدان بەهۆی ڕووداوەکان: 85 کەس.
-گیانلەدەستدان بەهۆی خنکان 68: کەس.
-ڕزگارکردنی هاووڵاتییان 1126: کەس (کە 22یان لە خنکان ڕزگارکراون).
-گیانلەدەستدانی کارمەندانی بەرگریی شارستانی: 2 کارمەند.
-برینداربوونی ئەفسەر و کارمەندانی بەرگریی شارستانی: 18 کارمەند.
لە کۆتایی داتاکاندا ئەوەش خراوەتە ڕوو، کە تیمەکانی بەرگریی شارستانی توانیویانە لەنێو هەموو ڕووداوەکاندا لە سەرانسەری هەرێم، ژیانی 1126 هاووڵاتی لە مەترسیی حەتمی ڕزگار بکەن.