شەڕی حەلەب دەرگای گەڕانەوەی بەڕووی پەنابەرانی ڕۆژئاوادا داخست

شەڕ و پێکدادانەکان لە گەڕەکە کوردنشینەکانی شێخ مەقسوود و ئەشڕەفییەی شاری حەلەب، نەک تەنیا دۆخێکی مرۆیی سەختیان دروست کرد، بەڵکوو بوونەتە هۆی لەناوبردنی دوا هیواکانی پەنابەرانی کوردی ڕۆژئاوا بۆ گەڕانەوە. 

ئەو پەنابەرانەی ساڵانێک بوو بە ئاواتی دامەزراندنی سووریایەکی دیموکراتی و ئارامەوە دەژیان، ئێستا بە نائومێدییەوە دەڕواننە داهاتوو و داوای یەک هەڵوێستی لە لایەنە کوردییەکان دەکەن.

بەدیع زەمان، یەکێکە لەو هەزاران پەنابەرەی کە چیرۆکەکەی زۆرجار لەناو هەواڵەکاندا ون دەبێت. ئەو پیاوەی کە 25 ساڵی تەمەنی لە گەڕەکی ئەشڕەفییە بەسەر بردووە، خێزانی پێک هێناوە و منداڵەکانی گەورە کردووە، ئێستا هەست بە بێشوێنی دەکات. 

بەدیع زەمان بە کوردستان24ی ڕاگەیاند: "دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، هیوامان هەبوو سووریایەکی دیموکراتی دروست ببێت و هەمووان پێکەوە بە ئاشتی بژین؛ بەڵام دوای بیستنی هەواڵی شەڕی گەڕەکە کوردنشینەکان، هیچ هیوایەکمان نەما. ماڵم لە ئەشڕەفییە نەماوە و هیچ شوێنێکم نییە بۆی بگەڕێمەوە. لێرە پەنابەر، لەوێش پەنابەر، بۆیە مانەوەم لێرە باشترە."

ئەم هەستە تەنیا هی ئەو پەنابەرانە نییە کە ڕاستەوخۆ لەو دوو گەڕەکەکە ژیاون، بەڵکو هەموو پەنابەرانی دیکەش هەمان خەم و ڕوانگەیان هەیە.

مستەفا مووسا، پەنابەرێکی دیکەیە و دەڵێت: "بەر لەم شەڕە هیوایەکی زۆرمان بۆ گەڕانەوە هەبوو، بەڵام ئێستا هیچ ئومێدێک نەماوە."

لەنێو ئەم نائومێدییەدا، داواکاریی سەرەکیی پەنابەران یەکڕیزیی و یەکهەڵوێستیی لایەنە کوردییەکانە. نەزیر شێخ موس، پەنابەرێکی دیکەی ڕۆژئاوایە و پێی وایە چارەسەر لە یەکدەنگیدایە: "پێویستە شاندێکی کوردی لەگەڵ حکوومەتی نوێی سووریا بگەنە ڕێککەوتن، بۆ ئەوەی مافی کوردەکان لە دەستووری داهاتوودا بچەسپێنرێت و نەفەوتێت، چونکە سووریا بەبێ کورد نابێت."

دوای گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە لە سووریا و ئەو گرژی و پێکدادانانەی کە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی نوێوە ئەنجام دەدرێن، هیواکانی گەڕانەوە ڕۆژ بە ڕۆژ کەمتر دەبنەوە. پەنابەران ترسیان لە داهاتوویەکی نادیار و دووبارەبوونەوەی توندوتیژییەکان هەیە، ئەمەش وای کردووە مانەوە لە ئاوارەییدا بە تاکە بژاردە بزانن.