شەپۆلێکی نوێی بەفر و باران هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

دیمەنێکی بەفربارین لە ناوەندی شاری دهۆک (ئەرشیف)
دیمەنێکی بەفربارین لە ناوەندی شاری دهۆک (ئەرشیف)

ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ـی کانوونی دووەمی 2026، بەشی پێشبینی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، شەپۆلێکی بەفر و باران ڕوو لە ناوچەکە دەکات و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کاریگەرییەکەی بەردەوام دەبێت.

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، پێشبینی دەکرێت ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە 12-1-2026, کاریگەریی شەپۆلێکی بارانبارین دەست پێبکات.

ئاماژە بەوەش کراوە، شەپۆلەکە تا شەوی چوارشەممە بەردەوام دەبێت و لە کاتەکانی بەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە کاریگەرییەکەی کۆتایی دێت. لە ماوەی کاریگەریی ئەم شەپۆلەدا، بەفر لەو ناوچە شاخاوییانە دەبارێت بەرزییان لە 1000 مەتر زیاترە لە ئاستی ڕووی دەریاوە.

هەروەها، ڕۆژی چوارشەممە ئەگەری بەفربارین لە سەنتەری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و دهۆک هەیە. شێوازی دابارینیش بریتی دەبێت لە نمەبارانی بەردەوام و هەندێک کاتیش لێزمەباران، بەتایبەتی لە سنووری ئیدارەکانی زاخۆ و ڕاپەڕین.

لەگەڵ بارانباریندا، هەندێک کات هەورەتریشقەش ڕوودەدات و خێرایی با لە ڕۆژی سێشەممە بۆ سەرووی 25 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا زیاد دەکات. پلەکانی گەرماش لە ڕۆژی چوارشەممەدا نزمبوونەوەی زیاتر بەخۆیانەوە دەبینن.