جوتیاران: بەغدا غەدر و جیاکاریمان بەرانبەر دەکات
سەرەڕای ئەوەی هێشتا وەرزی پێگەیشتنی گەنم نەهاتووە، بەڵام جوتیارانی هەرێمی کوردستان لە ئێستاوە خەمی ساغکردنەوە و بەبازاڕکردنی بەرهەمەکەیان لێ نیشتووە، ئەوەش بەهۆی ئەو ئاستەنگانەی ساڵانە وەزارەتی بازرگانیی عێراق لەبەردەمیان دروستی دەکات.
وەزارەتی بازرگانیی عێراق ساڵانە کۆمەڵێک مەرج و ڕێکاری قورس دەخاتە بەردەم جوتیارانی کورد بۆ وەرگرتنی گەنمەکەیان، لە کاتێکدا بۆ جوتیارانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، بێ گوێدانە کواڵێتی و بڕەکەی، تەواوی بەرهەمەکەیان لێ وەردەگیرێت و پارەکەشیان دەستبەجێ بۆ خەرج دەکرێت.
لە سنووری ناحیەی تەقتەق، پڕۆسەی ناونووسین و دیاریکردنی ڕووبەری زەویی جوتیاران دەستی پێ کردووە. عەبدوڵڵا حەوێز، جوتیارێکی گوندی مەرزانیە و 50 دۆنم زەویی بە گەنم چاندووە، بە کوردستان24ی گوت: هێشتا پارەی ساڵی ڕابردووی گەنمەکەمان لەلای حکوومەتی عێراق ماوە و وەرنەگیراوە، نیگەرانین لەوەی ئەمساڵیش بە چ شێوازێک لێمان وەردەگرن.
ئەو جوتیارە ئاماژە بەو جیاکارییە دەکات کە بەغدا دەیکات و دەڵێت: لە خوارووی عێراق پسووڵەی زیاتریان بۆ دەکرێت و پارەکەشیان زووتر وەردەگرن، تەنیا لەبەر ئەوەی ئێمە کوردین وا دەکەن.
سەباح عوسمان، بەڕێوەبەری بەشی کشتوکاڵی تەقتەق ڕایگەیاند، دەستیان بە ڕێکارەکانی تۆمارکردنی ناوی جوتیاران کردووە و هەر جوتیارێک بەپێی تاپۆ و گرێبەستەکەی پشتگیریی بۆ دەکرێت.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی تەقتەق جەختی لەوە کردەوە، جیاوازییەکی زۆر لە مامەڵەی بەغدا لەگەڵ جوتیارانی هەرێم و پارێزگاکانی دیکە هەیە و گوتی: بە ڕاستی غەدرێکی زۆر لە جوتیارانی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
لە سنووری تەقتەق و گوندەکانی دەوروبەری، زیاتر لە 50 هەزار دۆنم زەویی کشتوکاڵیی شیاو بۆ چاندن هەیە. بەپێی قسەی جوتیاران، زەوییەکانی ئەو سنوورە بەپیتن و هەر تەنەکەیەک تۆوی گەنم بڕی 15 بۆ 20 تەنەکە بەرهەمی دەبێت. ساڵانە تێکڕای بەرهەمی گەنمی ئەو دەڤەرە لە نێوان 8 بۆ 10 هەزار تۆن دەبێت.