بوومەلەرزەیەکی بەهێز باشووری عێراقی هەژاند

ئێوارەی ئەمڕۆ بوومەلەرزەیەک بە هێزی 4.7 پلەی ڕێختەر لە سنووری پارێزگای بەسرە، ناوچە سنوورییەکانی نێوان عێراق و ئێرانی هەژاند.

دەستەی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی سەر بە وەزارەتی گواستنەوەی حکوومەتی فیدراڵی عێراق بڵاوی کردووەتەوە، کاتژمێر 8:02 خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 11ی کانوونی دووەمی 2026، بوومەلەرزەیەک بە هێزی 4.7 پلەی ڕێختەر، لە سنووری پارێزگای بەسرە تۆمار کراوە و دانیشتووانی پارێزگاکە و ناوچەکانی دەوروبەری، هەستیان بە هێزی بوومەلەرزەکە کردووە.

هەر لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، بوومەلەرزەکە لە قووڵی 10 کیلۆمەتری زەوی و بە دووری 60 کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری بەسرە و ناوچە سنوورییەکانی نێوان عێراق - ئێران تۆمار کراوە، بەڵام هیچ زیانێکی نەبووە.