ترەمپ: بەباشی لەگەڵ سەرکردایەتی نوێی ڤەنزوێلا کار دەکەین
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە هەنگاوێکی نوێدا کە کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە، لە پلاتفۆرمی "سۆشیال ڕاستی" (Truth Social) وێنەیەکی ویکیپیدیای خۆی بڵاوکردەوە تێیدا وەک "سەرۆکی ڤەنزوێلا بە وەکالەت" ناسێنراوە.
سەرەڕای ئەو پۆستە، ترەمپ لەناو فڕۆکەی "ئایر فۆرس وەن"دا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند؛ ئیدارەکەی بە باشی لەگەڵ سەرکردایەتی نوێی ڤەنزوێلا کار دەکات. ترەمپ گوتی: "کارەکان لەگەڵ ڤەنزوێلا زۆر بە باشی بەڕێوەدەچن و ئێمە هەماهەنگییەکی باشمان لەگەڵ سەرکردایەتییەکەیاندا هەیە." هەروەها ئامادەیی خۆی نیشاندا لە داهاتوودا لەگەڵ دێلسی ڕۆدریگێز کۆببێتەوە.
سەبارەت بە ماوەی مانەوەی کاریگەریی ئەمەریکا لەسەر دۆخی ڤەنزوێلا، کریس ڕایت، وەزیری وزەی ئەمەریکا، ئاماژەی بەوە کرد؛ چاودێریکردنی دۆخی ئەو وڵاتە و ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی دەسەڵات، کارێکی کورتخایەن نییە. ڕایت لە لێدوانێکدا بۆ "سی بی ئێس نیوز" گوتی: "ڕەنگە ئەم پڕۆسەیە ساڵێک، دوو ساڵ، یان زیاتریش بخایەنێت."
ئەم هەنگاوەی ترەمپ وەک ئاماژەیەکی گاڵتەجاڕانە دێت بۆ شەرعیەتی دێلسی ڕۆدریگێز، جێگری پێشووی نیکۆلاس مادورۆ. ڕۆدریگێز دوای ئەوەی مادورۆ و هاوسەرەکەی لە 3ـی کانوونی دووەمدا لەلایەن هێزە تایبەتەکانی ئەمەریکاوە دەستگیرکران، دەسەڵاتی کاتیی وڵاتەکەی گرتە دەست.