بۆمب و تەقەمەنییەکانی داعش، ڕۆژانە خەڵکی عێراق دەکوژن
لە ئەنجامی تەقینەوەی تەقەمەنی و مینە بەجێماوەکانی ڕێکخراوی داعش لە هەردوو پارێزگای مووسڵ و ئەنبار، تەنیا لە ماوەی هەفتەیەکدا 11 کەس کوژران و بریندار بوونە.
سەرچاوە خۆجێیەکانی عێراق بڵاویان کردووەتەوە، یەکشەممەی ڕابردوو، بۆمبێکی پاشماوەی داعش لە نزیک شارەدێی'عەیازییە'ـی سەر بە پارێزگای مووسڵ تەقیوەتەوە و لە ئەنجامدا دوو گەنج کوژراون و سێی دیکەش بریندار بوون. هەر لە هەفتەی پێشوودا لە نزیک شارەدێی 'تەل عەبتە' لە پارێزگای مووسڵ، مینێک بە شوانێکدا تەقییەوە و لە ئەنجامدا شوانەکە گیانی لەدەست دا.
محەممەد جاسم، سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی پارێزگای مووسڵ، ڕایگەیاند "ئەم ڕووداوانە ڕۆژانە لە پارێزگاکەماندا هەن، لە ئەنجامی ئەو هەموو پاشماوە جەنگییە مەترسیدارانەیە کە لەو ناوچانەدا بەجێ ماون."
لە ناوچەی 'سەعدە'ـی پارێزگای ئەنبار، بۆمبێکی چێنراو بە ژمارەیەک گەنجدا تەقییەوە و لە ئەنجامدا یەکێکیان گیانی سپارد و سێ کەسی دیکەشیان بریندار بوون. تورکی محەممەد، قایمقامی قەزای قائیم، دەڵێت"ئەو گەنجانە، لە گەشتێکی ئاسایدا بوون کاتێک بۆمبەکەیان پێدا تەقیوەتەوە؛ ئەوان ئاگەداری ئەو مین و تەقەمەنییانە نەبوون کە لە سەردەمی دەسەڵاتی داعشەوە لەم سنوورەدا چێنراون."
محەممەد، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد "بریندارەکان بۆ چارەسەر گوێزراونەتەوە نەخۆشخانە و ئێستا دۆخی تەندروستییان جێگیرە."
ئەو، جەختیشی کردەوە لەوەی "ناوچەی سەعدە یەکێکە لەو ناوچانەی کە هێشتا لە مین و تەقەمەنی پاک نەکراوەتەوە و هاوڵاتییان دەبێ پابەندی ڕێنماییە ئەمنییەکان بن و نەچنە ئەو ناوچانەی کە هێشتا لە لایەن تیمە پسپۆڕەکانەوە لە تەقەمەنی و مینە چێنراوەکان، پاک نەکراونەتەوە."
ئەم ڕووداوانە، قەبارەی ئەو ئاڵەنگارییە مرۆییە دەردەخات کە عێراق لە قۆناغی دوای ململانێ چەکدارییەکان ڕووبەڕووی دەبێتەوە. لەم چوارچێوەیەدا، چالاکوانێکی ژینگەیی عێراقی ڕاگەیاند "کوژران و برینداربوونی ئەو ژمارە زۆرەی خەڵک لە ماوەیەکی کورتدا، لاوازییەکی ئاشکرا لە ڕێوشوێنەکانی پاککردنەوەی ناوچە ئازادکراوەکان دەردەخات، بەتایبەتی لە ناوچە گوندنشین و بیابانییەکاندا."
ئەو چالاکوانە, جەختیشی کردەوە لەوەی "قوربانییەکان زۆربەی جار، ئەو شوانکارە و ئاژەڵدارانەن کە لەبەر نەبوونی هێمای ئاگادارکردنەوەی ڕوون و کەمیی هەڵمەتەکانی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵایەتیی، دەچنە ئەو ناوچانەی هێشتا بە پاشماوەی جەنگی و مین داپۆشراون."
ئەو چالاکوانە، گوتیشی: پاشماوەکانی جەنگ تەنیا دۆسییەیەکی تەکنیکی نین، بەڵکوو لە پلەی یەکەمدا دۆسییەیەکی مافی مرۆڤن و بەردەوامیی کوژران و و برینداربوونی هاووڵاتییان، واتە شکستهێنانی پلانی حکوومەت لە پاراستنی ژیانیاندا.
پێشتر، وەزارەتی ژینگەی عێراق پلانی نیشتمانیی بەرفراوانی بۆ بنبڕکردنی کێشەی مین و تەقەمەنییە بەجێماوەکان، ڕاگەیاندبوو و جەختی کردبووەوە لەوەی "بە گوێرەی پلانەکە، دەبێت تا ساڵی 2028 ئەم دۆسییەیە یەکلایی بکرێتەوە و سەرجەم ناوچەکانی وڵات لە مین و پاشماوە جەنگییەکان پاک بکرێنەوە."
بەڵام بەردەوامیی تەقینەوەکان و زۆریی قوربانییەکان، گومانێکی زۆر دەخاتە سەر توانایی حکوومەتی عێراق لە خێرایی جێبەجێکردنی ئەو پلانە و کۆنترۆڵکردنی ئەم مەترسیە.
مانەوەی ڕووبەرێکی فراوانی خاکى عێراق کە هێشتا بە مین و پاشماوە جەنگییەکان پیسبوون، هەڕەشەیەکی جددیی و بەردەوامە بۆ سەر گیانی هاووڵاتییانی مەدەنی.