سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق: چاودێری ئەدای حکوومەت دەکەین

دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق داوا لە عەلی فالح زەیدی دەکات پەلە بکات لە ناردنی ناوی کاندیدە وەزارەتە ماوەکان و رایدەگەیەنێت، لە داهاتوودا بە وردی چاودێری ئەدای حکوومەت دەکەن.

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ـی ئایاری 2026، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و هەردوو جێگرەکەی کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و لە کۆبوونەوەکەدا بە فەرمی پیرۆزباییان لە "عەلی فالح زەیدی" کرد، بەبۆنەی بەدەستهێنانی متمانەی پەرلەمان بۆ کابینە وەزارییەکەی و پەسەندکردنی کارنامەی حکوومەتەکەی.

دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان لە راگەیەندراوێکدا جەختی لەسەر پێویستیی تەواوکردنی پێکهاتەی وەزاری کردەوە و داوای لە سەرۆکوەزیران کرد "پەلە بکات لە دیاریکردنی کاندیدی وەزارەتە ماوەکان و ناردنی ناوەکانیان بۆ پەرلەمان، بە مەبەستی متمانەدان پێیان لە چوارچێوەی شایستە پەرلەمانییەکاندا."

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران ئاماژەی بە رۆڵی چاودێریی پەرلەمان کرد و رایگەیاند، لە ماوەی داهاتوودا بە وردی بەدواداچوون بۆ ئەدای حکوومەت و جێبەجێکردنی بەڵێنەکان دەکەن.

هاوکات، دەستەی سەرۆکایەتی پاڵپشتی خۆی بۆ حکوومەتی نوێ دەربڕی بۆ ئەوەی هەنگاو بنێت بەرەو جێبەجێکردنی کارنامە وەزارییەکەی، بە ئامانجی سەقامگیرکردنی وڵات و بەدیهێنانی خواست و داواکارییەکانی گەلی عێراق.

ئەم کۆبوونەوەیەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دوای ئەوە دێت، کە هەر ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق متمانەی بە بەشێک لە کابینەکەی عەلی فالح زەیدی دا، بەڵام هێشتا بەشێک لە وەزارەتەکان بە بەتاڵی ماونەتەوە.