تورکیا: ئامادەین هەماهەنگییەکانمان لەگەڵ عێراق لە سەرجەم بوارەکاندا فراوانتر بکەین

تورکیا پێشوازیی لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی دەکات

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، پێشوازیی لە متمانەوەرگرتن و دەستبەکاربوونی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی کرد و، هیوای سەرکەوتنی بۆ سەرۆکوەزیرانی نوێ خواست لە هەڵگرتنی ئەو بەرپرسیارێتییە هەستیارەدا.

پێنجشەممە، 14ـی ئایاری 2026، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: "پێشوازیی لە پێکهێنانی کابینەی نوێێ حکوومەتی عێراق دەکەین بە سەرکردایەتیی عەلی زەیدی، هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازین لە کاتی گرتنەئەستۆی ئەم بەرپرسیارێتییە هەستیارەدا."

وەزارەتەکە متمانەی خۆی بە کارنامەکەی حکوومەتی نوێی عێراق نیشان داوە. لەم بارەیەوە، رایگەیاند: "ئێمە متمانەمان هەیە کە حکوومەتی نوێ، بە پشتبەستن بە کارنامەیەکی بونیادنەر، هەنگاوی یەکلاکەرەوە دەنێت بەرەو بەهێزکردنی سەقامگیری، گەشەسەندن و تێکەڵبوونی عێراق لەگەڵ ناوچەکەدا لەم هەلومەرجە هەستیارەی کە ڕووبەڕووی ناوچەکەمان بووەتەوە."

هەروەها تورکیا جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی عێراق لەو پێناوەدا.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا تیشکی خستووەتە سەر پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و رایگەیاندووە: "جارێکی دیکە جەخت لە ئیرادە و سووربوونی خۆمان دەکەینەوە بۆ بەرەوپێشبردنی هەماهەنگییەکانمان لەگەڵ عێراق، ئەو دراوسێیەی کە پەیوەندییەکی مێژوویی و ریشەدارمان لەگەڵیدا هەیە، لە سەرجەم بوارەکاندا لە قۆناغی داهاتوودا."

ئەمڕۆ، پەرلەمانی عێراق، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان، متمانەی بە کارنامەی وەزاری و پێکهاتەی حکوومەتی نوێی عێراق دا.

هەر لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەماندا، 14 وەزیری کابینەکەی زەیدی متمانەی زۆرینەی پەرلەمانتارانیان پێ درا.