ساڵ بە ساڵ گەشتیاری زیاتر سەردانی ئاکرێ دەکەن

قەزای ئاکرێ بە سروشتە جوان و شوێنە گەشتیارییە سەرنجڕاکێشەکانی، ساڵانە پێشوازی لە ژمارەیەکی بەرچاو لە گەشتیاران دەکات. 

بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری ئاکرێ، لە ساڵی 2025دا، 496 هەزار و 233 گەشتیار سەردانی ناوچەکەیان کردووە، ئەمەش بەراورد بە ساڵی 2024 کە 447 هەزار و 800 گەشتیار بووە، بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو نیشان دەدات.

خاوەنی یەکێک لە ناوچە گەشتیارییەکانی ئاکرێ، پشتیوان نامیق، بە ئاری حوسێن، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بە شیرینی و گوڵ پێشوازی لە گەشتیاران دەکەن وەک هێمایەک بۆ میواندۆستی. گوتیشی "بە پشتیوانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ڕەخساندنی ئاسانکاری، ژمارەی گەشتیاران بەرەو زیادبوون چووە، هەرچەندە هێشتا پێویستیمان بە دابینکردنی خزمەتگوزاری زیاتر هەیە".

گەشتیاران کاتەکانیان بە گرتنی وێنەی یادگاری لەگەڵ دیمەنە دڵڕفێنەکانی ناوچەکە بەسەر دەبەن. زیادبوونی ڕێژەی هاتنی گەشتیاران بووەتە مایەی دڵخۆشی خاوەن شوێنە گەشتیارییەکان و کاسبکارانی ناوچەکە.

ئەمین سەلیم، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ئاکرێ، ڕایگەیاند "ئێمە وەک گەشتوگوزار زۆر دڵخۆشین بەوەی ساڵ بە ساڵ ڕێژەی گەشتیاران لە سنووری ئاکرێ زیاد دەکات، ئەمە هێشتا لە ئاستی خواستی ئێمەدا نییە، بەڵام ئینشائەڵڵا لە ساڵانی داهاتوودا ئەو کەم و کورتیانەی هەن چارەسەر دەکرێن".

هەروەها گوتی: "خۆشبەختانە چەند پڕۆژەیەکمان هەن کە کاریان تێدا دەکرێت و ڕۆڵی گرنگیان دەبێت لە چارەسەرکردنی کێشەکان لە ساڵانی داهاتوودا".

ساڵ لە دوای ساڵ، ڕێژەی هاتنی گەشتیاران بۆ ئەم ناوچەیە ڕوو لە زیادبوونە. ئەمەش وایکردووە خاوەن پڕۆژە گەشتیارییەکان داوای خزمەتگوزاری زیاتر بکەن، بەتایبەت لە بواری ڕێگاوبان و ئاسانکارییەکانی دیکەدا، بۆ ئەوەی بتوانن باشتر پێشوازی لە میوانەکانیان بکەن.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی تایبەت بە کەرتی گەشتوگوزار دەدات و پلانی هەیە بۆ زیادکردنی ژمارەی گەشتیاران بۆ 20 ملیۆن گەشتیار لە ساڵێکدا. لەم چوارچێوەیەدا، چەندان پڕۆژەی گەشتیاری لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێم، لەنێویاندا ئاکرێ، لەژێر جێبەجێکردندان.