بەمەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی لافاو پرۆژەیەکی نوێ لە بنەسڵاوە کەوتە بواری جێبەجێکردن

سەرۆکایەتیی شارەوانیی بنەسڵاوە دەستپێکردنی پرۆژەیەکی نوێی خزمەتگوزاریی لە بواری ئاوەڕۆ و کۆنکرێتکردنی شەقامەکان ڕاگەیاند، هاوکات ئاماری کار و چالاکییەکانی ساڵی ڕابردووشی خستەڕوو، کە تێیدا نزیکەی 5000 پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشکراوە.

سەرۆکایەتیی شارەوانیی بنەسڵاوە ئەمڕۆ دووشەممە، 12ـی کانوونی دووەمی 2026، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بەمەبەستی کەمکردنەوەی مەترسییەکانی لافاو و ڕێگریکردن لە پەنگخواردنەوەی ئاوی زیادەی باران، پرۆژەیەکی ئاوەڕۆی لوولەیی و کۆنکرێتکردنی لە سنوورەکە خستە بواری جێبەجێکردنەوە. 

ئاماژەی بەوەشکرد، پرۆژەکە لەسەر بودجەی فریاگوزاریی خێرای بەرەنگاربوونەوەی لافاو لە پارێزگای هەولێر جێبەجێ دەکرێت و پێکهاتووە لە ڕاکێشانی ئاوەڕۆی لوولەیی کۆنکرێتی شیشدار بە تیرەی 60 سم و درێژایی 200 مەتر، لەگەڵ دانانی بۆریی پۆلی ئەسیلین بە تیرەی 40 سم و درێژایی 140 مەتر. هەروەها دروستکردنی 6 مەنهۆڵ بە پێوانەی 1.2 لە 1.2 مەتر و کۆنکرێتکردنی شەقام لە سنووری پرۆژەکەدا بەشێکن لە کارەکان، کە ژمارەیەکی زۆر ماڵ لێی سوودمەند دەبن.

سەبارەت بە ئامارەکانی سەرۆکایەتیی شارەوانیی بنەسڵاوە بۆ ساڵی 2025، کۆی گشتی ئەو پڕۆژانەی جێبەجێکراون گوژمەکەیان گەیشتووەتە 1 ملیار و 831 ملیۆن دینار. دیارترین پرۆژەکانیش بریتی بوون لە دروستکردنی سایدێک و نۆژەنکردنەوەی سایدی دووەم لە نزیک سەنتەری لاوان و بازاڕی سەرەکی بە گوژمەی 1 ملیار و 680 ملیۆن دینار، لەگەڵ دروستکردنی شەقام لە شوێنە بازرگانییەکان بە بڕی 87 ملیۆن دینار. هاوکات، بڕی 15 ملیۆن دینار بۆ دانانی سەرەبلۆک لە گەڕەکی گەڕەسۆر و 15 ملیۆن دیناری دیکە بۆ کۆنکرێتکردنی شەقام لە چەند گەڕەکێک تەرخانکراوە.

لەلایەکی دیکەوە و لە بواری ژینگە و جوانکاریدا، بڕی 17 ملیۆن دینار بۆ چاندنی دار و سەوزکردنی دوورگە ناوەندییەکان خەرجکراوە، و بە گوژمەی 7 ملیۆن دینار هێمای (I Love Bnaslawa) و ئاڵای کوردستان دانراوە. هەروەها وەک ئامادەکاری بۆ وەرزی زستان، پرۆسەی خاوێنکردنەوەی ڕێڕەوە ئاوییەکان و نۆژەنکردنەوەی ئاوەڕۆکان بە بڕی 10 ملیۆن دینار جێبەجێکراوە.