بۆ دووەمجار لەمساڵدا برنج و تەحینی ئاکرێ ڕەوانەی ئەوروپا کران
کاروانێکی دیکەی بەرهەمی خۆماڵی لە قەزای ئاکرێی سەر بە پارێزگای دهۆک، ڕەوانەی بازاڕەکانی ئەوروپا کرا.
ئەمجارەیان بارهەڵگرێک کە 13 تۆن برنجی کوردی و 6 تۆن تەحینی ناوچەکەی هەڵگرتبوو، بەرەو وڵاتی بەریتانیا بەڕێکەوت.
کۆمپانیای "ئاریاس'' کە تایبەتە بە کۆکردنەوە و هەناردەکردنی بەرهەمە خۆماڵییەکان، ئەم هەنگاوەی ناوە وەک بەردەوامییەک لەسەر کارەکانیان بۆ ناساندنی بەرهەمی جوتیارانی کوردستان بە بازاڕەکانی جیهان.
ئاراس حامد، خاوەنی کۆمپانیای ئاریاس، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند: "ئەمە دووەمجارە لە ساڵی 2026دا کە بەرهەمەکانمان هەناردەی ئەوروپا دەکەین. پێشتر کاروانێکی دیکەمان بۆ ئەڵمانیا ناردووە و ئەمڕۆش ئەم بەرهەمانە بەرەو بەریتانیا دەنێرین".
ئەو ئاماژەی بەوەشکرد کە کارەکانیان تەنها بۆ بەریتانیا و ئەڵمانیا نییە، بەڵکو بەرهەمەکانیان وڵاتانی دیکەی ئەوروپی وەک سوید، فینلەندا و هۆڵەنداش دەگرێتەوە.
قەزای ئاکرێ بە بەرهەمە کشتوکاڵییە دەوڵەمەند و سروشتییەکانی ناسراوە، بەتایبەت برنج و تەحین کە لەلایەن جووتیارانی ناوچەکەوە بەرهەم دەهێنرێن. هەناردەکردنی ئەم بەرهەمانە جگە لەوەی ناوی کوردستان و بەرهەمی خۆماڵی بە جیهان دەناسێنێت، هاوکات بووەتە پاڵپشتییەکی گەورە بۆ جوتیارانی دەڤەرەکە تا بتوانن بە نرخێکی باشتر بەرهەمەکانیان ساغ بکەنەوە.
جێی باسە، جگە لە برنج و تەحین، بەرهەمی دیکەی وەک سماقیش لەلایەن هەمان کۆمپانیاوە ئامادە دەکرێت و هەناردەی دەرەوە دەکرێت. ئەم هەنگاوانە لە چوارچێوەی پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندایە بۆ بە بازاڕکردنی بەرهەمی ناوخۆ و دۆزینەوەی بازاڕی دەرەکی بۆ جوتیاران.