ڤەنزوێلا ئازادکردنی 116 زیندانی سیاسی ڕاگەیاند

دوای تێپەڕبوونی تەنیا هەفتەیەک بەسەر ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکەی ئەمەریکا بۆ دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادورۆ و ڕەوانەکردنی بۆ دادگای نیویۆرک؛ حکوومەتی ڤەنزوێلا لەژێر گوشاری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، دەستی بە جێبەجێکردنی بڕیاری ئازادکردنی زیندانییە سیاسییەکان کرد و وەک قۆناغی یەکەم 116 کەسی ئازاد کرد، کە پێشتر بە تۆمەتی تێکدانی سەقامگیریی وڵات سزادرابوون.

دووشەممە 12ـی کانوونی دووەمی 2026، وەزارەتی کاروباری زیندانەکانی حکوومەتی ڤەنزوێلا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەی لە هەفتەی ڕابردوودا دەرچووە، تا ئێستا 116 زیندانی سیاسی ئازاد کراون.

باسی لەوەش کردووە، ئەو کەسانە لە سەردەمی دەسەڵاتی, نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی پێشووی وڵاتدا لەسەر دۆسیەی سیاسی دەستگیر کرابوون و سزای زیندانییان بەسەردا سەپێنرابوو.

وەزارەتی کاروباری زیندانەکانی حکوومەتی ڤەنزوێلا ڕاشیگەیاندووە، زیندانییە ئازادکراوەکان پێشتر بە تۆمەتی ئەنجامدانی کردەوەی دژی دەستوور و پێشێلکردنی سەقامگیری نیشتمانی لە ئازادی بێبەش کرابوون، بەڵام ئێستا لە ڕێکارە نوێیەکانی تایبەت بە ئازادکردنی زیندانییان سوودمەند بوون و گەڕێنراونەتەوە ناو کەسوکاریان.

گرووپەکانی مافی مرۆڤ لە ڕاپۆرتەکانیاندا ئاماژەی بەوە دەکەن، لە زیندانەکانی ڤەنزوێلا نزیکەی 800 بۆ 1200 زیندانی سیاسیی هەن.

هاوکات بڕیاری ئازادکردنی ئەو زیندانییە سیاسییانە هەفتەی ڕابردوو لە ژێر گوشاری، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەرچووە، کاتێک ڕایگەیاند کە حکوومەتی ڤەنزوێلا بەڕێوە دەبن.

ڕۆژی شەممە، 3ـی کانوونی دووەمی 2026، بە فەرمانی ڕاستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ، هێزە تایبەتەکانی ئەو وڵاتە بە پاڵپشتیی فڕۆکەی جەنگی و هەلیکۆپتەر، ئۆپەراسیۆنێکی کتوپڕیان بۆ سەر شوێنی مانەوەی نیکۆلاس مادورۆ لە ڤەنزوێلا ئەنجام دا و توانییان خۆی و خێزانەکەی دەستگیر بکەن.

ڕۆژی 5ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، مادۆرۆ و هاوسەرەکەی لەبەردەم دادگای فیدراڵیی ناوچەی باشووری نیویۆرک ئامادە بوون، دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا تۆمەتی تێوەگلان لە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانیان ئاراستە کردوون، بەڵام هەریەک لە مادۆرۆ و فلۆریس ئەو تۆمەتانەیان ڕەت کردووەتەوە و ڕایانگەیاندووە کە بێتاوان