دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوکاریی گەیاندە زیاتر لە 8 هەزار لێقەوماوی حەلەب

دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە نوێترین ڕاپۆرتیدا ڕایگەیاند، تیمەکانیان لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا توانیویانە هاوکاریی جۆراوجۆر بگەیەننە 8189 ئاوارەی شاری حەلەب کە بەهۆی تێکچوونی دۆخی ئەمنی و پێکدادانە سەربازییەکانەوە ڕوویان لە قەزای عەفرین کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی فەرمیی نووسینگەی سوریای دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە نێوان ڕێکەوتی 9 تا 11ی کانوونی دووەمی 2026، کۆی گشتی 8189 کەس لە هاوکارییەکانی دەزگاکە سوودمەند بوون، لەو چوارچێوەیەدا 7004 ژەمی خواردنی گەرم دابەش کراوە و 436 کەس پێداویستییەکانی ناوماڵ وەک بەتانی، دۆشەک و سێتی چێشتخانەیان پێ دراوە. هەروەها 142 کەس جلوبەرگیان بۆ دابین کراوە و 273 کەسیش هاوکاریی پزیشکی و دەرمانیان وەرگرتووە.

دەزگای خێرخوازی بارزانی ئاماژە بەوە دەکات، لە پاڵ ئەمانەشدا، دەزگاکە گرنگیی بە لایەنی دەروونیی منداڵانی ئاوارە داوە و 334 منداڵ لە چالاکییە کاتبەسەربردن و دەروونییەکان سوودمەند بوون.

دەزگای خێرخوازیی بارزانی پلانی داناوە 12ی کانوونی دووەمی 2026، بەردەوامی بدات بە دابەشکردنی دوو هەزار ژەمی تری خواردنی گەرم و کاراکردنی تیمە پزیشکییە گەڕۆکەکان بۆ کەمپەکان، لەگەڵ ئامادەکردنی گۆگایەکی تایبەت بە کەلوپەلی پاککەرەوە بۆ دوو هەزار خێزانی تر. 

ئەم هەوڵانە بە پاڵپشتیی لایەنە بەخشەرەکانی وەک Peace Village و کەنیسەی توفین کاتۆلیک ئەنجام دەدرێن.
ئەم شەپۆلە نوێیەی ئاوارەبوون لە 8ی کانوونی دووەمی 2026ەوە دەستی پێ کرد، کاتێک سوپای عەرەبیی سووریا هێرشی کردە سەر گەڕەکە کوردییەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لە شاری حەلەب.

بەپێی ئامارەکان، تا ئێستا نزیکەی 27750 خێزان کە ژمارەیان بە 138750 کەس دەخەمڵێندرێت، ئاوارە بوون و زیاتر لە 90%ی ئەو ئارەوانە ڕوویان لە قەزای عەفرین کردووە، دەزگای خێرخوازی بارزانی ڕایدەگەیەنێت: لێقەوماوان لە بارودۆخێکی مرۆیی زۆر سەختدا دەژین، بەتایبەت بەهۆی سەرمای توندی زستان و بەفربارین لە ناوچە شاخاوییەکان، کە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی خۆراک و سووتەمەنی و نەمانی شوێنی نیشتەجێبوونی گونجاو بۆ ئەو ژمارە زۆرەی پەنابەران.