پێنج هەزار مووچەخۆری بانکی تی بی ئای گوازرانەوە بانکی دیکەی دڵخوازی خۆیان

لەکۆی 30 هەزار مووچەخۆری بانکی تی بی ئای،  پێنج هەزار لەو مووچەخۆرانە داوایان کرد بگوازرێنەوە بانکێکی دیکەی دڵخوازی خۆیان، بۆیە داواکەیان جێبەجێکرا و مووچەکانیان گوازرایەوە ئەو بانکانەی خۆیان دەیانەوێت.

سەرچاوەیەک لە پڕۆژەی هەژماری من بە کوردستان24ـی ڕاگەیەندا: بەهۆی پێشکەشکردنی خراپترین خزمەتگوزارییەوە، زیاتر لە 5 هەزار مووچەخۆری زانکۆی سلێمانی کە مووچەکانیان سەر بە بانکی تی بی ئای بوو، گوازرانەوە بۆ بانکێکی دیکەی دڵخوازی خۆیان. 

بەگوێرەی سەرچاوەیەک لە تیمی هەژماری من، بانکی تی بی ئای بەردەوام خراپترین خزمەتگوزاریی لە پڕۆژەکەدا پێشکەشکردووە و لە توانایدا نییە ئەم ژمارە کەمە لە هەژماری بانکی بەڕێوەببات، هەر ئەمەش وایکردووە مووچەخۆرانی زانکۆی سلێمانی خۆیان داوای گۆڕینی بانکەکەیان لە تیمی هەژماری من بکەن.

سەرچاوەیەک لە پڕۆژەی هەژماری من ئاماژە بەوە دەکات، ئەم داواکارییە دوای ئەوە هات کە بانکی ناوبراو بەردەوام کێشەی خزمەتگوزارییەکانی لە خولەکانی پێشووی دابەشکردنی مووچەدا هەبووە و بەدەم ئەو داوایانە نەهاتووە کە تیمی هەژماری من لێیانی کردوون بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانیان، فەرمانبەران ڕووبەڕووی کێشەی کەمیی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە و نەبوونی پارەی پێویست لەنێو ئامێرەکان بوونەتەوە، هەروەها خزمەتگوزاری زمانی کوردی سنووردار بووە و سەنتەرێکی پەیوەندیکردن نەبووە.

ئاماژە بەوەش دەکات، ئەم هەنگاوە پەیامێکی ڕوونە بۆ هەموو بانکەکانی ناو پڕۆژەی هەژماری من، خزمەتگوزاری خراپ قبووڵ ناکرێت، هەر بانکێک کێشەی خزمەتگوزاری هەبێت، ڕووبەڕووی هەنگاوی هاوشێوە دەبێتەوە، چونکە پڕۆژەی هەژماری من ئامانجی ئەوەیە کە باشترین ئەزموون و خزمەتگوزاری بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان فەراهەم بکات.